تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رۆهەڵاتی فورات دەکات

هەسەدە: بۆ به‌رگریكردن لە ناوچەکانی ژێر دەستمان ئاماده‌ین

K24- رۆژئاوای كوردستان:

هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی فورات بەردەوامن و لە بەرامبەدا هێزەکانی سووریای دیموکراتیش دووپاتی دەکاتەوە، بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانی ژێر دەستیان ئامادەن.

هاوکات هەڕەشەکانی تورکیا دانیشتوانی سەرێکانیێی لە رۆژئاوای کوردستان ترساندووە، کە شارەکەیان هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، پرسی ده‌ستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا له‌ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات، لە ناوخۆی توركیاش بووەتە رۆژەڤ، ئاکپارتی و جەهەپە لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەن و هەدەپەش لەگەڵ ئەوەی دژی ئه‌و ئۆپەراسیۆنه‌ی سوپای تورکیایه‌، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەش وەك چالاککردنەوەی داعش لە سووریا ناوده‌بات.

دوای رێكنه‌كه‌وتنی ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ واشنتن له‌سه‌ر راگه‌یاندنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ باكووری سووریا، باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ تورکیا بەنیازە بەبێ وەرگرتنی رەزامه‌ندی ئه‌مریكا ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات ئەنجامبدات، پسپۆڕێکی سیاسیش دەڵێت: تورکیا دەتوانێت بەبێ ئەمریکا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ئەنجام بدات، لەبەرامبەریشدا پسپۆڕێکی ئابووری جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە زیانی گه‌وره‌ی ئابووری بۆ تورکیا دەبێت.

راپۆرت:

ئه‌كره‌م ساڵح: رۆژئاوای كوردستان

ڤۆراڵ ئێرشمش: ئه‌نقه‌ره‌

سه‌عید ئۆزمه‌ن: ئه‌نقه‌ره‌

H.B