پەرداخەکانتان بکەن بەخێر

لە سلێمانی ھەڵمەتێك لە مزگەوتەكانەوە دەست پێ دەكات

K24 - سلێمانی

لە پارێزگای سلێمانی گرووپی رەنگ، بە ھەماھەنگیی لەگەڵ گرووپی ژینگەدۆستی، ھەڵمەتی "پەرداخەکەت بکە بە خێر"یان راگەیاندووە، به‌و ئامانجەی لە رێی مزگه‌وت و شوێنه‌ گشتییه‌كان، كه‌ زۆرترین ھاووڵاتی سەردانیان دەکه‌ن، زۆرترین ھۆشداریی بدەن لە مەترسییەکانی ماددە پلاستیکییەکان و مانەوەیان لە خاکدا و پیسبوونی ژینگە.

ژمارەیەك گەنج لە پەرداخێکەوە و لەناو مزگەوتێكەوە ھەڵمەتەكەیان دەست پێ كرد، كە مەبەستیان پاراستنی ژینگەیە لە ماددە پلاستیکییەکان. ئەو گەنجانە رۆژانە سەردانی مزگەوتەکان دەکەن و داوا لە وتاربێژەکان دەکەن، کە ھاووڵاتیان ھۆشیار بکەنەوە لە فڕێنەدانی ماددەی پلاستیکیی، کە رۆژانە بەکاری دەھێنن. مامۆستایانی ئایینیش وەک ئەرکێکی مرۆیی و هۆشیاركردنه‌وه‌ی ھاووڵاتیان، رۆڵیان ده‌بێت.

چەندین گرووپ و کەسانی ژینگەدۆست لە سلێمانی ھەڵمەتی ژینگەپارێزیان راگەیاندووە، گرووپی رەنگ بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ژینگەدۆستی، دەستیان به‌م هه‌ڵمه‌ته‌ كردووه‌ و داوا دەکەن، ھاووڵاتیان چیتر مادده‌ پلاستیکییەکان تێکەڵ بە خاشاک نەکەن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ژینگه‌ پارێزراو بێت، هه‌م له‌ پرۆسه‌ی ریسایکلین دا سوودی لێ وه‌ربگیرێت.

ھ.م