بەشیر حەدداد: ئەوەی لە سەماوە كرا ئەنفالێكی دیكە بوو
"مافێكی دەستوورییە ئاڵای كوردستان لە ھەموو عێراق بشەكێتەوە"
K24 - ھەولێر
لەبارەی رێگریكردن لە ھەڵدانی ئاڵای كوردستان لەسەر گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كورد لە سەماوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوەی كرا جینۆسایدێكی دیكە بوو.
بەشیر حەدداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "بەداخەوە ئەو رووداوە برینی ئێمە و كەسوكاری ئەنفالكراوان و خەڵكی كوردستانی كولاندەوە، دەتوانم بڵێم ئەوە ئەنفالێكی دیكە و جینۆسایدێكی دیكە بوو. بەڵام خۆشبەختانە ئەوەیە كە بابەتێكی كەسییە، دەركەوت ئەو ئەفسەرە بە بڕیاری سەرووی خۆی ئەوەی نەكردووە".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ من راوێژی كرد، كە باسی ئەو بابەتە بكات، ئەوە بوو لە كۆبوونەوەكە باس كرا و سەرۆكی پەرلەمانیش بۆچوونی لەسەر قسەكانی باش بوو، ھاوڕاش بوو كە ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بخرێتە روو".
بەشیر حەدداد راشیگەیاند: "سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگریی راسپارد بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە، ئێمەش لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری موسەننا كرد، بۆ ئەوەی بە پەلە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن و بابەتەكە گەورە نەكرێت و كێشەی لێ نەكەوێتەوە، ھەر ئەوكات پارێزگاری موسەننا داوای لێبووردنی كرد".
جێگری سەررۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا: "مافێكی دەستوورییە كە ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە ھەموو عێراق بشەكێتەوە، دەبێ خەڵكی كوردستان بە ئاڵاوە لە عێراق داوای مافەكانیان بكەن و بە دەستی بێنن".
ھ.م