ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان یارییه چاره‌نووسسازه‌كه‌یان ده‌كه‌ن
لاوانی كوردستان بۆ چواره‌مین یارییان له نۆروه‌ی كه‌پی 2019 ئاماده‌ن
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان دوایین مه‌شق و راهێنانه‌كانی بۆ چواره‌مین یاری له نۆروه‌ی كه‌پی 2019 ئه‌نجام داوه و یارییه‌كه‌ش ئه‌مڕۆ راسته‌وخۆ له په‌یجی كوردستان24 سپۆرت ده‌گوازرێـته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه لاوانی كوردستان له قۆناخی 32ـی پاڵه‌وانێتی نۆروه‌ی كه‌پ له كاتژمێر 11:15 خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی رووبه‌ڕووی تیپی ئاسترۆی نه‌رویجی ده‌بێته‌وه.
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی کوردستان له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان هاوشانی تیپه‌كانی (درۆباك فرۆگن، هاسڵ لۆرن و به‌یرۆم) یاری كرد و 3 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كیان له‌دژی ئه‌و 3 تیپه نه‌رویجییه تۆمار كرد و به كۆكردنه‌وه‌ی 9 خاڵ و به پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م گه‌یشته قۆناخی 32ـی نۆروه‌ی كه‌پ، لاوانی كوردستان له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان 20 گۆڵیان تۆمار كرد و هێشتا رێگه‌یان نه‌داوه ته‌نیا بۆ جارێكیش تۆڕه‌كه‌ی بهه‌ژێت.
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان له دوایین یاری خۆیان له نۆروه‌ی كه‌پ، به 11 گۆڵی بێوه‌ڵام شكستیان به تیپی به‌یرۆمی نه‌رویجی هێنا، هه‌ریه‌ك له هه‌ڵۆ فایه‌ق، دانا موسته‌فا و محه‌مه‌د هاوار سه‌ركردایه‌تی بردنه‌وه‌كه‌یان كرد و رۆڵێكی گه‌وره‌یان له تۆماركردنی گۆڵه‌كان بینی.
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان پێنجه‌مجاره به‌شداریی له پاڵه‌وانێتی نۆروه‌ی كه‌پ ده‌كات، پێشتر بۆ یه‌كه‌مجار له 2012 به‌شداریی كرد و له قۆناخی 32 ماڵئاوایی كرد، دواتر له 2013 پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا، پاشان له 2014 به راهێنه‌رایه‌تی یووسف كاكێ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان پله‌ی دووه‌میان برده‌وه، پاشان له 2015 به راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال بۆ یه‌كه‌مجار له ئۆسڵۆی پایته‌ختی نه‌رویج نازناوه‌كه‌یان برده‌وه.

.jpg)