گواردیۆلا شكستی به‌ كڵۆپ هێنا و نازناوێكی دیكه‌ی برده‌وه‌

مانچێسته‌ر سیتی له‌ یارییه‌كی دراماتیكی دا بووه‌ پاڵه‌وانی قه‌ڵغانی خێرخوازی

له‌ یارییه‌كی لوتكه‌ و ئاگرین دا، یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی به‌ لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ شكستی به‌ لیڤه‌رپوول هێنا و بووه‌ پاڵه‌وانی قه‌ڵغانی خێرخوازی ئینگلاند.

له‌ یاری قه‌ڵغانی خێرخوازی، مانچێسته‌ر سیتی و لیڤه‌رپوول له‌سه‌ر یاریگه‌ی وێمبلی رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه‌.

له‌ خوله‌كی 12ـی یارییه‌كه‌ ره‌حیم ستێرلینگ یانه‌ی مان سیتی به‌ گۆڵێك پێشخست، دواتر لێرۆی سانێ ناوه‌راستكاری ئه‌ڵمانی به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریگه‌ی جێهێشت، پێكانه‌كه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ ترسی خسته‌ شكستهێنان به‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كه‌ی بۆ بایرن میونشن.

دواتر له‌ گێمی دووه‌م، لیڤه‌رپوول فشاره‌كانی بۆ سه‌ر گۆڵی مان سیتی ده‌ستپێكرد، له‌ خوله‌كی 78 جۆیل ماتیبی به‌رگریكاری لیڤه‌رپوول تۆپێكی له‌ ڤان دایك وه‌رگرت و ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ رێدز یه‌كسان كرده‌وه‌.

له‌ دوایین خوله‌كی زیادكراوی یارییه‌كه‌، واڵكه‌ری كاپتنی مان سیتی فریای یانه‌كه‌ی كه‌وت و به‌شێوه‌ی موعجیزه‌ تۆپێكی محه‌مه‌د سه‌ڵاحی له‌ نێو گۆڵی خۆیان دوورخسته‌وه‌ و رێگه‌ی له‌ سه‌ركه‌وتنی لیڤه‌رپوول گرت و یارییه‌كه‌ی گه‌یانده‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان.

پاشان له‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان، كڵاودیۆ براڤۆی گۆڵپارێزی چیللی لێدانێكی پێناڵتی فایناڵدۆمی گه‌ڕانده‌وه‌ و یانه‌كه‌ی كرده‌ خاوه‌نی نازناوی قه‌ڵغانی خێرخوازی ئینگلاند.