جۆنیۆر فریپۆ له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیدا له‌ باره‌ی بارسێلۆنا چی گوت؟

ده‌ڵێت: وه‌رزی رابردوو له‌ نێو یاریگه‌ی كامپ نوو ئاستێكی به‌رزم له‌ دژی بارسێلۆنا پێشكه‌ش كرد

جونیۆر فریپۆ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به‌ فه‌رمی له‌ ریال بێتیسه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارسێلۆنا كرد، له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیدا رایگه‌یاند كه‌ پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ بارسێلۆنا بكات فێری شێوازی یاریكردنی ئه‌و یانه‌یه‌ بووه‌، ده‌شڵێت: وه‌رزی رابردوو له‌ نێو یاریگه‌ی كامپ نوو له‌ دژی بارسێلۆنا ئاستێكی به‌رزم پێشكه‌ش كرد.

جۆنیۆ فریپۆی یاریزانی نوێی بارسێلۆنا له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی بارسێلۆنا گوتی: زۆر دڵخۆشم بەوەی لێرەم، ئامادەبوونم لێرە لە بارسێلۆنا مانایەکی زۆر دەگەیەنێت، لە راستیدا گەیشتنم بە ئێرە شانازییەکی گەورەیە بۆ من و خێزانەکەم و هاوڕێیەکانم، من زۆر دڵخۆشم.

فریپۆ گوتیشی: خۆشبەختانە ئەو دوو راهێنەرەی بەمدواییانە سەرپەرشتیان کردووم شێوازی یاریکردنیان لە شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنا نزیکە، پێموایە ئەم خاڵە هاوکارم دەبێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لەگەڵ بارسێلۆنا بگونجێم.

فریپۆ ده‌شڵێت: یاریی وەرزی رابردووی ریال بێتیسم بەرامبەر بارسێلۆنا لە کامپ نوو لەبیرە، یارییەکی خۆش بوو، حەوت گۆڵ تۆمارکرا و لەو یارییە ئاستێکی باشم پێشکەش کرد.

جۆنیۆر فریپۆی ته‌مه‌ن 22 ساڵ به‌ گرێبه‌ستێك تا هاوینی 2024 په‌یوه‌ندی به‌ بارسێلۆنا كردووه‌، تێچووی گرێبەستی بەرگریکارەکە18 ملیۆن یۆرۆ دەبێت لەگەڵ 12  ملیۆن یۆرۆ پاداشت کە تێکرای دەکاتە 30 ملیۆن یۆرۆ.

فریپۆ وه‌رزی رابردوو له‌گه‌ڵ ریال بێتیس له‌ کۆی 38  یاری لالیگا پێنج گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمار کرد، فریپۆ دوای گریزمان و فڕانکی دی یۆنگ و نێتۆ دەبێتە چوارەم گرێبەستی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا.