بێگەرد تاڵەبانی: دەمانەوێت كشتوكاڵ بكەینە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری
"لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە روونی ئاماژەی پێكراوە"
K24 - ھەولێر
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەمانەوێت لە پاڵ نەوت، كشتوكاڵ بكەینە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەشدا، بە روونی ھەستیان بە تێڕوانینی ئەرێنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت كردووە، لەپێناو بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ.
لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە كشتوكاڵ كە لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "دەمانەوێت لە پاڵ نەوت، كشتوكاڵ بكەینە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری وڵاتەكەمان و زەمینەیەكی لەبار ھەیە بۆ كشتوكاڵ كە بە نەوتی ھەمیشەیی ناودەبرێت، ئەوەش وایكردووە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كارنامەی خۆیدا ئاماژەیەكی گرنگ و روون بدات بە سەرچاوەی جێگرەوەی نەوت، كە كشتوكاڵ یەكێكە لەو سەرچاوە گرنگانە حكوومەت دەیەوێت بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی كوردستان پشتی پێ ببەستێ".
گوتیشی: "لە ماوەی دەستبەكاربوونم لە پۆستی وەزیری كشتوكاڵ زۆر بە روونی ھەستمان بە تێڕوانینی ئەرێنی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم كردووە، بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، دڵنیاین كە بە ھەموو تواناوە ھاوكار دەبن، بۆ پێشخستنی ھەوڵەكان لەپێناو بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ".
وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشدا: "بەھۆی شەڕی دراوسێكان لە ناوچە سنوورییەكان زیانی زۆر بە رەزوباخ و كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان كەوتووە، جگە لەوەش لەكاتی پێگەیشتنی بەروبوومی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان نرخی بەرھەمە ناوخۆییەكان ھەرزان دەبێت".
ھ.م