ئێران مه‌رزی كێلێ و شوشمێ به فه‌رمی ده‌ناسێنێت
له مه‌رزی كێلێ ئێران به قووڵایی 350 مه‌تر له خاكی هه‌رێمی كوردستان كشایه‌وه
K24- راپه‌ڕین:
کۆماری ئیسلامی ئێران خاڵی سفری گومرگی لە مەرزی کێلێ لە نێوان وڵاته‌كه‌ی و باشووری کوردستان دیاریکرد و بڕیارە لەڕۆژانی داهاتوودا 350 مەتر لەقوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بەرەو خاکی ئێران بكشێته‌وه، کە پێشتر سنووری بەزاندبوو.
هاوکات بڕیاریدا مەرزی کێلێ و شوشمێ لە هه‌رێمی کوردستان و چەند مەرزێکی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق بە فه‌رمی بناسێنێت.
جەوهەر ڕەسوڵ، بەڕێوبەری گومرگی ڕاپەڕین به كوردستان 24ی راگه‌یاند، دوێنێ له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئێران به سه‌رۆكایه‌تی حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته بڕیاردرا، كه مه‌رزی كێلێ و چه‌ند مه‌رزێكی دیكه به فه‌رمی بكرێن.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، ره‌زامه‌ندی ئێران بۆ ناساندنی ئه‌و مه‌رزانه به فه‌رمی گرنگ بوو، ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه ته‌نیا ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی عێراقه، ئه‌و لێژنه‌یه‌ش كه پێشتر له عێراقه‌وه سه‌ردانی مه‌رزی كێلێی كردبوو و نوێنه‌ری ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كانی له‌خۆ گرتبوو، له‌سه‌ر به فه‌رمیكردنی ئه‌و مه‌رزه رازی بوون.
لای خۆشیه‌وه شیروان میرزا، ئەندامی لێژنەی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: بۆ ئەوەی عێراق كۆسپ نەخاتە بەردەم ناساندنی مەرزەکە، گرنگە دوای جەژن شاندی حکوومەتی هەرێم لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا پرسی داهاتی خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان تاوتوێ بكات، چونكه ره‌زامه‌ندی ئێران بۆ ئه‌و بابه‌ته به‌س نییه و تا ئێستاش پرسی خاڵه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه.
ساڵی رابردوو داهاتی گومرگی مەرزی کێلێ بەراورد بە پێشووتر ۳٥٪ زیادی کردبوو، ڕۆژانە لەو مەرزە لەنێوان ۱۰۰ بۆ ۱٥۰ بارهەڵگری كاڵا له ئێرانه‌وه هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ناساندنی مەرزەکە وەك مەرزێکی نێودەوڵەتی کاریگەری لەسەر ئابووری کوردستان بەگشتی و و بوژانەوەی سنووری ڕاپەڕین بەتایبەتی دەبێت.
H.B