جووتیاره نموونه‌ییه‌كه به‌رهه‌می كشتوكاڵی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته ژاپۆن
هه‌وڵی چاره‌سه‌ری چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی كشتوكاڵی كوردستان ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
ئازاد كوردستانی، كه به جووتیاره نموونه‌ییه‌كه‌ی كوردستان ناسراوه، له ناوه‌نده كشتوكاڵییه‌كانی وڵاتی ژاپۆن، پێشوازی لێده‌كرێت و چه‌ند به‌رهه‌مێكی كشتوكاڵیی كوردستانیشی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه‌ته ئه‌و وڵاته.
ئازاد له ژاپۆنه‌وه به كوردستان 24ی راگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه له‌سه‌ر داوای خۆی بووه و ئامانجی سه‌ره‌كیشی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی كشتوكاڵییه كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، كه كرمی هه‌نار، هه‌نجیر، سێ‌و و نه‌خۆشی ته‌ماته‌یه.

ئه‌و جووتیاره نموونه‌ییه، له پێشانگایه‌كی كشتوكاڵی له ژاپۆن، 25 به‌رهه‌می كشتوكاڵی كوردستانی ناساندووه، كه بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجی ژاپۆنییه‌كان و به‌شداربووانی پێشانگاكه.
ئه‌و جووتیاره كورده، كه بۆ یه‌كه‌مجار له شاشه‌ی كوردستان 24ه‌وه داهێنانه كشتوكاڵییه‌كانی نمایشكرد، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه له ژاپۆن تۆوی چه‌ند به‌رهه‌مێكی كشتوكاڵی ناوازه‌ی ده‌ستخستووه بۆ ئه‌وه‌ی بیانهێنێته‌وه له كوردستان بیانچێنێت.
له‌و سه‌ردانه‌یدا ئه‌و جووتیاره، چه‌ندین دیدار و چالاكی تایبه‌ت به ناساندنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی كوردستان ئه‌نجامداوه.
له پای هه‌وڵه‌كانی له بواری كشتوكاڵ، هه‌ریه‌كه له خه‌لیل مووسه‌وی، باڵیۆز و مه‌ریوان تۆفیق محه‌مه‌د، كۆنسوڵی عێراق له‌و وڵاته پێشوازییان لێكردووه.
له‌و باره‌یه‌وه مه‌ریوان تۆفیق رایگه‌یاند، پشتگیری له‌و جووتیاره ده‌كه‌ن و باڵیۆزی عێراقیش به‌ڵێنی به ئازاد كوردستانی داوه، جارێكی دیكه ڤیزای ئه‌و وڵاته‌ی بۆ وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به فه‌رمی به‌شداری پێشانگای تایبه‌ت به كشتوكاڵ بێت و به‌هه‌رمه‌كانی نمایش بكات.
.jpg)
.jpg)
مه‌ریوان تۆفیق ده‌ڵێت: "شانازی به‌و جووتیاره‌وه ده‌كه‌ین، كه له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی و وه‌ك خۆبه‌خشێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشی كشتوكاڵیی هاتووه‌ته ژاپۆن، بۆیه نه‌مانتوانی بێهه‌ڵوێست بین و هاوكاری نه‌كه‌ین".
ئازاد كوردستانی له باره‌ی چالاكییه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دارێكی باشووری ئه‌فریقا دیداری هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته بكات و له نزیكه‌وه ئاگاداری به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان بن.
پێشتر كوردستان 24، وه‌كو یه‌كه‌مین دامه‌زراوه‌ی میدیایی، به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر داهێنانه كشتوكاڵییه‌كانی ئه‌و جووتیاره نموونه‌ییه كرد و له‌م ڤیدیۆیه‌ی خواره‌وه‌ش ته‌واوی به‌رنامه‌كه ببینه.