جوڵه‌ی فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌كان خرایه‌ ژێر فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی

رێگه‌ به‌ سه‌ربازگه‌ نایاساییه‌كان نادات

K24 – هه‌ولێر:

حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، له‌مه‌ودوا رێگه‌ به‌ بوونی سه‌ربازگه‌ی نایاسایی و بێ مۆڵه‌ت نادات.

دوێنێ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێكی په‌یوه‌ست به‌ ته‌قینه‌وه‌ی كۆگاكانی چه‌ك و سه‌ربازگه‌ نایاساییه‌كان ده‌ركرد.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق رایگه‌یاند، رێگه‌ به‌ بوونی هیچ كۆگایه‌كی چه‌ك و سه‌ربازگه‌یه‌ك نادرێت، به‌ بێ بوونی مۆڵه‌ت و پلان.

راشیگه‌یاند، پێویسته‌ فڕینی فڕۆكه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌، به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت  و هه‌ر جوڵه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ له‌ لایه‌ن به‌رگری ئاسمانییه‌وه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار دراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیر له‌ باره‌ی ته‌قیینه‌وه‌كه‌ی  كۆگای چه‌ك له‌ سه‌ربازگه‌ی سه‌قه‌ر بكرێت.