تەقاندنەوەی كۆگا و سەربازگەكانی حەشد كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە
ئەبو مەهدی موهەندیس ئەمەریکا بە تەقاندنەوەی جبەخانەکانیان تۆمەتبار دەکات
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك لە سەربازگە و كۆگای چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی تەقینەوە، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشد، ئۆباڵی بۆردوومانکردنی كۆگا و سەربازگەكانی خستە ئەستۆی ئەمەریکا و سەرۆکی دەستەکەش، ئەو لێدوانەی جێگرەکەی بە هەڵوێستی فەرمی حەشدی شەعبی نازانێت. لەبەرامبەریشدا پێنتاگۆن رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە تەقینەوەکانەوە هەبێت.
تەقینەوەکانی ئەم دواییەی كۆگا و سەربازگەكان، حەشدی شەعبی بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتی تەقینەوەکان دەخاتە ئەستۆی هێزەكانی ئەمەریكا و رایگەیاند، زانیاری وردییان هەیە، كە ئەمەریكاییەكان لەمساڵدا چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسڕائیلیان هێناوە، تا هێرش بكەنە سەر بارەگاکانمان.
جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی راشیگەیاند، لەمەودوا بە چەکی پێشکەوتوو، بەرگری لە بارەگاکانمان دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لێدوانەکانی ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگرەکەی لەبارەی تۆمەتبارکردنی ئەمەریکا رەتکردەوە رایگەیاند، لێدوانەکانی موهەندیس هەڵوێستی فەرمی حەشد نییە.
فەیاز گوتیشی، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، وڵاتێکی بیانی لە پشت تەقینەوەکانی ئەم دواییەی جبەخانەکانە.
لە بەرامبەریشدا پنتاگۆن رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە تەقینەوەکانی ئەم دواییەی جبەخانەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق هەبێت.
شۆن رۆربرتسن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، رەتیکردەوە پنتاگۆن پەیوەندی بە تەقینەوەکانی ئەم دواییەی جبەخانەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق هەبێت و رایگەیاند، هێزەکانیان بە رێنماییەکانی حکوومەتی عێراق و سەروەری ئاسمانی ئەو وڵاتەوە پابەندن.
لە ماوەی رابردوو، تەقینەوە لە ژمارەیەك سەربازگە و کۆگای چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی روویاندا و ئیسرائیل بە بۆردوومانکردنیان تۆمەتبار دەکرێت.
ھ.م