بوونی خۆشەویستێک لە ژیان هەستکردن بە ئازار کەم دەکاتەوە

پزیشکانی ئۆستریا: ئازاری فیزیکی و دەروونی زیاتر کار دەکاتە سەر سینگڵەکان

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، مرۆڤ دەتوانێت زیاتر بەرگەی ئازار بگرێت ئەگەر کەسێک لە ژیانی هەبێت و خۆشی بوێت.

ستێفان دوشێک، پزیشک لە زانکۆی زانستی تەندروستی ئۆستریا (نەمسا) لەگەڵ چەند پزیشکێکی هاوڕێی توێژینەوەیەکیان ئەنجام داوە و تیایدا بۆیان دەرکەوتووە: "بوونی دڵخوازێک لە ژیانتا کە هەست بە ئازارەکانت بکات، ئازارە فیزیکی و دەروونییەکانت کەم دەکاتەوە".

پزیشکەکان بەم جۆرە توێژینەوەکەیان ئەنجام داوە، کەسێکیان هێناوە و پەنجەیان خستووەتە ناو ئامێرێک کە فشاری خستووەتە سەر پەنجەکە، تا ئەو کاتەی ئازارەکەی زۆر بووە.

جارێک کەسەکە بە تەنها بووە و جارێک لەگەڵ دڵخوازەکەی، دواتر ئاشکرا کراوە، بە گوێرەی ئەو پێوەرە تایبەتەی دایاناوە، کەسەکە زیاتر هەستی بە ئازار کردووە کاتێک بە تەنها بووە.

لە ساڵی 2010، رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان کردووە دڵەڕواکێ و خەمۆکییان لەو کەسانە کەمترە کە بێ هاوسەرن و بە تەنها دەژین.

The Daily Mail

H.J