تۆماس تۆخێل: یاری به‌ نێیمار ناكه‌م تا خۆی یه‌كلایی نه‌كاته‌وه‌

تۆخێل: نێیمار له‌ دۆخێكی باشدایه‌ و بانگهێشتم كردووه، به‌ڵام یاری پێ ناكه‌م

نێیمار دا سیلڤا بۆ یارییه‌كه‌ی پاریس سانجێرمان به‌رامبه‌ر تۆڵۆز بانگهێشتكراوه‌ به‌ڵام راهێنه‌ری یانه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات تا چاره‌نووسی یه‌كلایی نه‌كاته‌وه‌ یاری پێ ناكات.

نێیماری ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان له‌ مه‌شق و راهێنانه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئاماده‌بوون له‌ یاریی یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر تۆڵۆز له‌ گه‌ڕی سێیه‌می لیگ وه‌ن، كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌ له‌ دوو یاریی رابردووی یانه‌كه‌ی ئاماده‌نه‌بوو، چاره‌نووسی نێیمار له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ و تۆماس توخێلی راهێنه‌ری یانه‌ پاریسیه‌كه‌ش ده‌ڵێت نێیمار یاریی ناكات تاكو كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ كارگێری پاریس سانجێرمان چاره‌سه‌ر نه‌كات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ تۆماس توخێل، راهێنه‌ری پاریس سانجێرمان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ نێیمار له‌ دۆخێكی باشدایه‌، ده‌شڵێت: نێیمار به‌ درێژایی هه‌فته‌ له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان به‌باشی راهێنانه‌كانی كردووه‌ و له‌رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ئاماده‌یه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستی نێوان یاریزانه‌كه‌ و كارگێری یانه‌ روون نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌روا بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا نێیمار به‌رامبه‌ر تۆڵۆز یاریی ناكات.

تۆخێل ده‌شڵێت: دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌ نێیمار بۆ یاریكردن ئاماده‌یه‌ به‌ڵام به‌شداری ناكات تاكو كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ كارگێری یانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بێت، پێویسته‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ بدرێت، ناشزانم نێیمار ده‌مێنێته‌وه‌ یان نا، ئه‌م پرسیاره‌ له‌ لیۆناردۆ بكه‌ن من راهێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌م و كارگێری پاریس سانجێرمان نیم.