هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر به‌شداریكردنی نوینه‌ری كورد له‌ كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رێككه‌وتن

به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كانی عێراق ئاگادار ده‌بێت

K24- هه‌ولێر:

هەولێرو بەغدا لەسەر بەشداریکردنی نوێنەری هەرێمی کوردستان لەو شاندو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیانه‌ رێککەوتون، کە عێراق بەشداریان تێدا دەکات.

لە راگەیەنراوێکدا فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەردوولا گەشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام دیار نییە کورد به‌ چ ناونیشانێك بەشداری دەکات، ئایا وەك نوێنەری هەرێمی کوردستان به‌شدار ده‌بێت یان وەك نوێنەری عێراق.

له‌مباره‌شه‌وه‌ رێبوار بابكه‌یی، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بۆ زانینی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە و چۆنیەتی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فەرمانگە بانگێشتی لێژنەکەیان دەکەن.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ بارزان جەوهەر، پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24 ئەم رێککەوتنە لە رووی سیاسی، ئابووری و پەیوەندی نێودەوڵەتیەوە بە گرنگ دەزانێت، به‌ تایبه‌ت له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك عێراق بیكات، هه‌رێمی كوردستانیش لێی ئاگادار ده‌بێت.

لە رابردوودا عێراق لە کۆنفرانس، کۆنگرە نێودەڵەتیەکان و رێککەوتنەکان بەبێ هەرێمی کوردستان بەشداری دەکرد، بۆیه‌ هەرێمی کوردستان ئاگاداری ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان نەبوو، ئەم رێککەوتنەی هەردوولا بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان گرنگە، کە وا دەکات ئەو رێککەوتنانەی دەکرێن، هەولێر ئاگاداری ناوەڕۆکەكەیان بێت و بەشدار بێت لە ئیمزاکردنی رێککەوتنەکان.

H.B