هاووڵاتییانی كورد لە دیالە ناوچه‌كانیان جێده‌هێڵن

جموجۆڵی داعش تا دێت زیاتر ده‌بێت

K24 - دیالە

بەھۆی مەترسی لەسەر ژیانیان و ھەڕەشەكانی گرووپە چەكدارەكانی داعش، ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتی كورد لە سنووری پارێزگای دیالە گوند و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان جێھێشتووە، داوا دەكەن ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانی عێراق ھەبێت بۆ ئەوەی ژیانی ھاووڵاتییانی كورد لەو ناوچەیە پارێزراو بێت.

دۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە رۆژ بە رۆژ بەرەوخراپبوون دەچێت، بەھۆی زۆر بوونی جموجۆڵی گرووپە چەكدارەكان کردەوە تیرۆرستییەکانی داعشەوە، ئەوەش بووەتە ھۆکارێكی بەردەوام گوندنشینە کوردەکان ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، ھێزە ئەمنییەكانیش ھۆكارەكەی دەگەڕێنەوە بۆ نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزە ئەمنییەكانی عێراق و كوردستان كە وایكردووە بۆشایەكی ئەمنی لە ناوچەكە دروستبێت و چالاكییەكانی داعش زیاد بكەن.

بەشێكی زۆری ئەو ھاووڵاتییە كوردانەی گوند و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان جێدەھێڵن دەكەونە سنووری ئەو ناوچانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق دان و دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر داگیریان كردووە. ھاووڵاتییانیش دەڵێن، تا ھێزە ئەمنییەكانی كوردستان نەگەڕێنەوە ناوچەكە ژیانمان پارێزراو نابێت و ناتوانین بگەڕێنەوە گوندەكانمان.

پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەدرێژای ھەزار و 50 کیلۆمەتر شەڕی داعشیان دەکردوو ئارامی و ئاسایشیان بۆ تەواوی پێکھاتەکانی ئەو ناوچانەن بێ جیاوازی دابین کردبوو، دوای 16ی ئۆکتۆبەریش داگیرکارییەکانی سوپا و میلیشیا عێراقییەکان بوونە ھۆکارێك بۆ سەر ھەڵدانەوەی داعش و ئاوارە بوونەوەی ھەزاران خێزانی کوردی خۆجێی ناوچەكە و تائێستا نەگەڕاونەتەوە.

ھ.م