بڕی نەوتی سپی بۆ ھەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت

ھەوڵدەدرێت ئەمساڵ زووتر دابەش بكرێت

K24 - ھەولێر

لە دوای ئەو ناڕەزاییانەی لە ساڵانی رابردوو لەسەر نەوتی سپی ھەبوو بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان بەشێکی کەم لەو بڕە نەوتەیان پێ دەگەیشت، بڕیارە  بڕی ئەو نەوتە سپییەی لە بەغداوە دێت زیاد بکرێت.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، ھەوڵ دەدەن  تا 19ی ئەیلول ئەو بڕە نەوتە زیاد بکەن کە بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت و زووتر بەسەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بۆ ئەمەش قسەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حكوومەتی عێراق کردووە.

روونیكردەوە: "بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی نەوت، قسەمان كردووە كە ھەرچی زووە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، ئەوانیش بەڵێنێیاندا كە لە 19ی ئەیلوول نەوتی سپی بگاتە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان و مووسڵ، ھەروەھا بەڵنیشیانداوە كە بڕی نەوتەكە بۆ ناوچە شاخاوییەكان زیاد بكەن".

ھ.م