ههسهده سنووری توركیای بهجێهێشت
لە رۆژهەڵاتی گرێ سپی و لە سەر سنووری باکووری کوردستان کشایەوه
K24 – ههولێر:
کاروانی سێیەمی هێزەکانی سووریای دیموكرات(ههسهده) و یهكینهكانی پاراستنی گهل(یهپهگه) لە رۆژهەڵاتی گرێ سپی و لە سەر سنووری باکووری کوردستان کشایەوه.
میدیاکانی نزیک له بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بڵاویانکردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەپەگە تونێلەکانی بەرگریان لە رۆژهەڵاتی گرێ سپی لە ناو بردووە و سێیەم کاروانی هێزەکانیشیان لەو ناوچەیە کشاونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەسەدە و یەپەگە هێزەکانیان لە قونەیتەرا، حەشیشە و بیرشوان کشاندووەتەوە.
خەلیل خەلەفۆ، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی گرێ سپی رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە بە گوێرەی رێککەوتنی تورکیا و ئەمهریکایە و ئەنجوومەنەکەشیان بۆشایی ئەمنی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە پڕدەکەنەوە.
ههر لهو چوارچێوهیهدا، زێدان عاسی، هاوسەرۆکی نووسینگەی بەرگری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر روونیکردووەتەوە؛ لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا و تورکیا دەستیان بە جێبەجێ کردنی خاڵەکان کردووە.
عاسی دووپاتی كردهوه لە سەرێ کانیێ شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە چەکی گرانەوە لەسەر سنوور کشاونەتەوە و خاڵە سنوورییەکان رادەستی هێزەکانی ناوخۆ کراوە.
زێدان عاسی دووپاتیكردهوه، ئهوان پابەندن بە جێبەجێ کردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە و گوتیشی: سوورن لەسەر چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە.