وەزارەتی بازرگانی 10 ملیارى بۆ شایسته‌ی گه‌نمی جووتیاران ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد

له‌ هه‌ولێر و دهۆك ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی كراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگه‌یاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی 30 ملیار دیناری دیكەی بۆ پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان دەنێرێت و 10 ملیار دیناریش تایبەتە بە پارەی جووتیاران.

نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی تایبەت بە كوردستان 24 رایگەیاند،  پارێزگاكانی ھەولێر، دھۆك و سلێمانی،  بڕی 10 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و پارەكە گەیشتووەتە ھەرێمی كوردستان و لە دھۆك دەست بە دابەشكردنی كراوە و ئەمڕۆش لە ھەولێر دەست بە دابەشكردنی ئەو پارەیە دەكرێت.

ھاوكات تا ئێستا حكوومەتی عێراقی لە كۆی 181 ملیار دینار بڕی 45 ملیار دیناری بۆ ھەرێمی كوردستان ناردووە و 136 ملیار دیناریش شایستەی دارایی جوتیارانی ئەمساڵ ماوە كە بینێرێت.

ئ. م