گۆڕانکارییەکانی بودجە بەهای دیناری دابەزاند

دەنگۆی گۆڕینی نرخی فەرمیی دۆلار لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق، نرخی بەهای دیناری بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند و بەهای 100 دۆلاری گەیاندە نزیکەی 160 هەزار دینار. هاوکات بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا سەردانی بەغدا بکات.

بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، لە پرۆژەیاسای بودجە کە حکوومەتی عێراق ئامادەی کردووە و تاوەکو ئێستاش بۆ پەرلەمان نەنێردراوە، بودجەی پێشبینیکراوی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو 218 ترلیۆن دینارە. لەم نێوەندەدا، بەپێی بەراوردەکان، حکوومەتی عێراق نرخی 100 دۆلاری لە بودجەی 2027دا بە 150 هەزار دینار دەستنیشان کردووە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر نرخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئاوا بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق زیاتر لە 145 ملیار دۆلاری ئەمریکی دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر بە نرخی کۆن، واتە 132 هەزار دینار هەژمار بکرێت، ئەوا دەگاتە 166 ملیار دۆلار.

لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە و شایستە داراییەکان سەردانی بەغدا بکات. هەروەها بڕیاریشە سبەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بکات بۆ تاوتوێکردنی هەمان بابەت.

بەپێی پرۆژەیاسای ئامادەکراو، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بە 12.67% دەستنیشان کراوە. پاش دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان، پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا 13 ترلیۆن دینار دەبێت لە کۆی 218 ترلیۆن دینار، کە تەنانەت لە پشکی ساڵی 2023ی هەرێمی کوردستانیش کەمترە. بڵاوبوونەوەی هەواڵی گۆڕینی نرخی فەرمی دۆلار لەناو پرۆژەیاساکەدا، بازاڕەکانی دراوی هەژاندووە و بەهای 100 دۆلاری ئاڵوگۆڕی بازاڕی گەیاندووەتە بەرامبەر 160 هەزار دینار.