لە عەفرین 10 كوردی دیكە رفێندران
ھاووڵاتیانی كورد لە عەفرین ئەشكەنجە دەدرێن
K24 - ھەولێر
بەپێی ئاماری رێكخراوێكی مافی مرۆڤ لە ماوەی دوو رۆژدا 10 ھاووڵاتی دیكەی كورد لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی عەفرین رفێندران.
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین بڵاوی كردووەتەوە، دوێنێ سێشەممە 27/8/2019، لە گوندی خدریای سەر بە شارۆچكەی بلبلێ لە سنووری عەفرین، چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێنج ھاووڵاتی كوردیان دەستگیر كردووە بە تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین ئاماژە بەوەش دەكات، تائێستا شوێنی ئەو كەسانە دیار نییە كە رفێندراون.
ئەو رێكخراوە ئاماژەی بەوەشكردووە: "لەلایەكی دیكە رۆژی 26/8/2019، لە گوندی جەقلێ ئۆرتە لە ناوچەی شیێ 5 كەسی دیكە لەلایەن ھێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە عەفرین رفێندراون".
لە دەستپێكی داگیركردنی عەفرین تا ئێستا، زیاتر لە 2 ھەزار ھاووڵاتی كورد لە ناوچەكە دەستگیر كراون و بەرامبەر ئازادكردنیشیان داوای پارەیان لێكراوە.
ئەوە لەكاتێكدایە لە سەرەتای ئەم مانگەشدا گەنجێكی عەفرین لەژێر ئەشكەنجەی ھێزەكانی سەر بە توركیا لە عەفرین گیانی لەدەستدا.
دوای 58 رۆژ شەڕ لەنێوان شەڕڤانان و سوپای توركیا و چەند گرووپێكی سووریای سەر بە توركیا لە 18/3/2018 توركیا عەفرینی داگیر كرد، پەیكەری كاوەی ئاسنگەر لە ناوەڕاستی عەفرین روخێنرا، دواتر گرتن و تاڵان كردنی ماڵە كوردەكان و گرتن و كوشتنیان دەستیپێكرد.
ھ.م