باندێكی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ لە سلێمانی دەستگیر كرا
باندەكە لە سێ ھاووڵاتی كورد و چواری عەرەب پێكدێت
K24 - سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی باندێكی سێ کەسی دەستگیر دەكەن، کە تۆمەتبارن بە بازرگانیكردن جەستەی مرۆڤەوە، لە ئەنجامی دانپێدانانی ئەو تۆمەتبارانە، سەرۆکی باندەکە و سێ کەسی دیکەش دەستگیرکران، کە بەڵگەنامەی ساختە و ناوی خوازراویان بەکارھێناوە بۆ بازرگانیکردنەکە و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی ورد دان. ئەو باندە 7 کەسیە سێیان کوردن و چواریان عەرەبن.
بازرگانییە یاساغ و گەورەکان جگە لە قوتی مرۆڤەکان جەستەشیانی گرتوەتەوە، کەسانێک کە ناچارکراون بە فرۆشتنی ئەندامێکی جەستە یان بەکارھێنانی جەستەی لەپێناو بازرگانی و پارە پەیداکردندا، بوونەتە قوربانی باند و بازرگانییە نا یاساییەكان. ئەم حاڵەتەش لە جیھان بوونی ھەیە و کوردستانیش بەدەر نییە لەم جۆرە بازرگانیە. بە گوتەی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەو باندەی دەستگیریان کردووە گورچیلەیەکیان بە 10 ملیۆن دینار کڕیووە و بە 70 ملیۆن فرۆشتویانەتەوە بە داواکار.
پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2018 یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2012 عێراقی بەرکارکرد، کە بۆ ئەو کەسانەیە کە کاری بازرگانی دەکەن بە جەستەی مرۆڤ بە ناچارکردن و زۆرەملێ لەپێناو بەدەستھێنانی پارەدا، جگە لە زیندانی کاتی سزای 5 ملیۆن بۆ 10 ملیۆن دینارە و سزاکە زیاد دەکات بە گوێرەی تاوانلێکراوەکە و کات و شوێنەکەش.
ھ.م