یەكێتی و گۆڕان كاندیدی بەشێك لە پۆستەكانیان یەكلا نەكردووەتەوە
تائێستا چەند بریكار و راوێژكارێك دەستبەكار نەبوونە
K24 - سلێمانی
تائێستا بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کاندیدەكانی بەشێک لە پۆستەکانیان لە ناو حکوومەتی ھەرێمدا یەکلا نەکردووەتەوە، کە بریکاری وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و راوێژکارەکان له خۆدهگرێت، ئەندامێکی ژووری حکوومەت و پەرلەمانی گۆڕانیش دەڵێت، سیاسیی و ئیداری دوو ھۆکاری سەرەکین بۆ یەکلا نەبوونەوەی کاندیدەکان.
چەند مانگێکە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم به بهشداری سێ لایەنی سەرەکی دەست بەکاربووە، ھەرلایەنێکیش بە چەند وەزارەت و دەستەیەک بەشدارە لە حکومەتەکەدا، سەرجەم پۆستەکانیش بۆ ھەر لایەنێک دیاریکراوە، بەڵام تائێستا یەکێتی و گۆڕان کاندیدەکانیان بۆ بریکاری وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و راوێژکارەکان پڕ نەکردووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پۆستەكانی یەكێتی بەشێک لەو پۆستانە مەکتەبی سیاسی و بەشێکی دیکەشیان سەرکردایەتی یەکلای دەکاتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێ "کاندید بۆ پۆستەکان زۆرن، بەڵام پێویستیان بە کۆبوونەوە ھەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان".
بزووتنەوەی گۆڕان، یەکلا کردنەوەی سەرجەم پۆستەکانی بە رێکخەری گشتی سپاردووە، بەڵام ئەوانیش ھۆکاری خۆیان ھەیە بۆ یەکلا نەکردنەوەی کاندیدەکانیان، بە گوتەی ئەندامێکی ژووری حکوومەت و پەرلەمانی گۆڕان، کاندیدەکانیان ئامادەیە و لەسەر بنەمای بەرکەوتەی ناوچەکان و پسپۆری کەسەکان دانراون، بەڵام یەکلا نەکردنەوەی پۆستەکان بۆ دووھۆکار دەگەڕێنێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان بریکاری ھەر یەکە لە وەزارەتەکانی شارەوانی و کارەباو ناوخۆو پەروەردەو سەرۆکی دەستەی داھاتە نەوتییەکان و ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە و یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری چاکسازی و لە سەدا 12 راوێژکارەکان و بەڕێوەبەرە گشتەیەکانی بەرکەوتووە، یەکێتی نیشتمانیش بریکاری وەزارەتەکانی تەندروستی و شەھیدان و ئەنفالکراوان و ناوخۆ و چەند راوێژکارێک و بەڕێوەبەری گشتی بەرکەوتووە.
ھ.م