نرخی زێڕ لەگەڵ داتا نەرێنییەکانی ئەمەریکا بەرەو پێشچوونەکانی برێکزت دادەبەزێت
نرخی زێڕ ناسەقامگیرە
K24 – ههولێر:
بەهۆی بەرەو پێشچوونەکانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و داتا لاوازەکانی ئەمەریکا نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ئاسیا بە رەنگی سوور دەستی بە مامەڵەکردن کرد.
کاتژمێر 8:08 بە کاتی هەولێر، گرێبەستە داهاتووەکانی زێر بە رێژەی 0.4% بۆ 1482.65 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک لە بۆرسەی کۆمێکس دابەزی.
لە ئێستادا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 1479.25 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی پێنوێنی بەڕێوەبەرانی فرۆشی پیشەسازی ئەمەریکی دێت، کە کەمترین ئاستی خۆی لە دە ساڵی رابردوویدا تۆمارکرد، بە جۆرێک لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بۆ 47.8 خاڵ دابەزیووە، لە کاتێکدا پێشبنینی دەکرا ئەو پێنوێنە سەرووی 50 خاڵ تۆماربکات.
ئەو کانزا زەردە لەسەرەتادا تۆزێک دەستکەوتی هەبوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی داتای چالاکی پیشەسازی ئەمەریکا، بە جۆرێک وای لە وەبەرهێنەران کرد دەستبەرداری مامەڵەکانیان بن وەک پەناگەیەکی ئارام روو لە کڕینی زێڕ بکەن.
بەڵام پێشبنییەکان بە دابەزینی رێژەی سوود بۆ جاری سێیەم لە لایەن بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە، گەشتی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوە ناوەستێنێت.
لە لایەکی دیکەوە بۆریس جۆنسۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پلانی کۆتایی دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا راگەیاندوو، روونی کردەوە کە لەندەن لەگەڵ برۆکسل لە دانوستان بەردەوام نابێت ئەگەر پڕۆژەکەیان رەتبکەنەوە، و بێ رێککەوتن لە 31 ئۆکتۆبەر لە یەکێتییەکە جیادەبنەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە یاداشتنامەی بانکی TD کەنەدیدا هاتووە، 75 شرۆڤەکاری تەکنیکی پێیانوایە 43% ئاماژە تەکنیکییەکان تا ئێستا ئەوە نیشاندەدەن کە ئاراستەی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە.
ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە ئەوەی لە بازاڕی زێڕ دەگوزەرێت شۆکێکی بچووکە، نەک گۆڕان لە ئاراستە.
H.J