ترەمپ لە ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردندا بەڵێنی بەخشینی پارە دەدات

سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنیدا پێنج هەزار دۆلار ببەخشێت بە هەر هاوڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمریکی، بەمەرجێک کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم بەرێقوەبچێت، بکەن.

ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی کۆمارییەکاندا لە دالاسی ویلایەتی تێکساس رایگەیاند "ئەگەر کۆمارییەکان سەربکەون، ئێوەش لەگەڵ ئێمەدا سەردەکەون و 5,000 دۆلار وەردەگرن". ترەمپ ناوی ئەم بڕە پارەیەی "قازانجی ترەمپ" لێنا.

سەرۆکی ئەمریکا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی سەرچاوەی دابینکردنی ئەو پارەیە یان ئەو میکانیزمەی بۆ جێبەجێکردنی پێشنیارەکە پەیڕەو دەکرێت، ئاشکرا نەکرد، ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کۆمارییەکان لە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولدا رووبەڕووی رکابەرییەکی توند لەگەڵ دیموکراتەکان بوونەتەوە، ئەو هەڵبژاردنەی هەژموونی هێز لە کۆنگرێسدا یەکلایی دەکاتەوە.

ترەمپ داوای لە دەنگدەران کرد دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن و هۆشداریدا ئەگەر کۆنترۆڵی کۆنگرێس بگوازرێتەوە بۆ دیموکراتەکان، ئەوا ئەمریکا بۆ ماوەی چەند ساڵێک پاشەکشە دەکات. ئەو بەڵێنیدا ئەو دۆخە تێکبشکێنێت کە تێیدا زۆرجار پارتەکەی سەرۆک لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا ژمارەیەک کورسی لە کۆنگرێس لەدەست دەدات و جەختی لەوە کردەوە کۆمارییەکان بەردەوام دەبن لە تەواوکردنی ئەرکەکە.

سەرۆکی ئەمریکا ئیدارەکانی پێشووی تۆمەتبارکرد بە کوشتن و ناشتنی خەونی ئەمریکی و رایگەیاند، ئیدارەکەی کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان دەکات. ترەمپ ستایشی مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد، ئەمە لەکاتێکدایە ناوهێنانی جون راندۆلف تون، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران، لەلایەن هەندێک لە ئامادەبووانەوە بە هوتافی ناڕەزایەتی پێشوازی لێکرا، بەر لەوەی ترەمپ جەخت بکاتەوە کە تون بە سەختی کار دەکات.

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی پرسی کۆچبەری کرد و رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی سنووری دیموکراتەکان گرت، هەروەها بەڵێنەکەی بۆ توندوتۆڵکردنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی دووپاتکردەوە.