لە یەکەم رۆژی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە 54 گرێبەست واژۆ کران
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنیدا، پێشانگەی ئینڤێست ئێکسپۆ جووڵەیەکی بەهێزی ئابووری و بازرگانیی بەخۆیەوە بینی و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە شەش هەزار کەس سەردانیان کردووە و 54 گرێبەستی بازرگانییش واژۆ کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، کۆمپانیای "ئینڤێست ئێکسپۆ" ئامارەکانی رۆژی یەکەمی چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، ئاستی بەشداری و پێشوازیی خەڵک و کۆمپانیاکان لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی متمانەیەکی بەهێز بە بازاڕ و بەردەوامیی گەشەی کەرتی وەبەرهێنان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمپانیاکە، داتاکانی رۆژی یەکەمی پێشانگەکە بەم شێوەیە بووە:
ژمارەی سەردانیکاران: 6,440 کەس سەردانی پێشانگەکەیان کردووە.
بەشداریی بازرگانان: 263 خاوەنکار، بازرگان و وەبەرهێنەر لە پێشانگەکەدا ئامادەیییان هەبووە.
گرێبەستە بازرگانییەکان: 54 گرێبەستی کڕین و فرۆشتن بە شێوەیەکی فەرمی واژۆ کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حەفتەمین پێشانگای نيّودەوڵەتیی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە هەولێر کردەوە.
کارەکانی حەفتەمین پێشانگای نيّودەوڵەتیی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە
-بۆ ماوەی چوار رۆژ، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت.
-نزیکەی 300 کۆمپانیای ناوخۆیی و جیهانی لە 12وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن.
-لە لایەن کۆمپانیای ئینڤێست ئیکسپۆ رێکخراوە بە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان.
-پێشکەشکردنی ئۆفەر و داشکاندنی تایبەت، جووڵەخستنە ناو بازاڕی خانووبەرە، و ئاسانکاری بۆ نیشتەجێبوونی خێزانەکان.