وەزارەتی وزەی ئەمریکا: کۆگاکانی نەوتی جیهان ئەمساڵ 400 ملیۆن بەرمیل کەمیان کردووە

وەزارەتی وزەی ئەمریکا (EIA) رایگەیاند، یەدەگ و کۆگاکانی نەوتی جیهان لە ماوەی ساڵی 2026ـدا بە نزیکەی 400 ملیۆن بەرمیل کەمبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە، هاوکات پێشبینیشدەکات ئەم دابەزینە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.

چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەمبوونەوەی قەبارەی کۆگاکانی جیهان هۆکاری سەرەکیی مانەوەی نرخەکانی نەوتە لە ئاستێکی بەرزدا، هەروەها رایگەیاند، پێدەچێت لە مانگەکانی داهاتووشدا نرخەکان لە تێکڕای مانگانەی تۆمارکراوی مانگی ئاب نزیک بمێننەوە.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، لە سایەی بەردەوامیی فشارەکان لەسەر خستنەڕوو و دابەزینی قەبارەی یەدەگەکان، تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت تا کۆتایی ئەمساڵ لە دەوروبەری 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەمێنێتەوە.

لە بەرامبەردا، دەستەکە پێشبینی دەکات لە ماوەی ساڵی 2027ـدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و دەستپێکردنی بووژاندنەوەی کۆگاکان، نرخەکان روو لە دابەزین بکەن و چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی 74 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داببەزێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی داتاکانی پێشووتری وەزارەتی وزەی ئەمریکا، یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا بەردەوامبووە لە پاشەکشەکردن و لە کۆتایی ئەو هەفتەیەی کە لە 4ـی ئەیلوول تەواو بوو، بۆ ئاستی 285.4 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.