مەسەدە: نەبوونی نوێنەرمان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانەوەی شەڕ لە سووریا

لە نووسینەوەی دەستووری سووریا مەسەدە پەراوێز دەخرێت

K24 - واشنتن

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) رایدەگەیەنێت، نەبوونی نوێنەری ئەوان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا نییە، ئەمەش دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانەوەی كێشە و شەڕ لەو وڵاتە.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە کوردستان24ی راگەیاند، هێزەکانیان لە شەڕی داعش دا 11 هەزار شەهید و زیاتر لە 20 هەزار برینداری داوە، بەڵام نوێنەری ئەوان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووردا بەشداری پێنەکراوە.

گوتیشی: "نەبوونی نوێنەری ئەوان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ لە سووریا و سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە وڵاتدا".

ئیلهام ئەحمەد، راشیگەیاند: "تائێستا دادگایەکی فەرمی بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی بیانی داعش پێکنەهێندراوە، کە لەلایەن هێزەکانی هەسەدە دەستگیرکراون".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان داوای کردنەوەی دادگایەکی نێودەوڵەتیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی بیانی نێو داعش کردووە.

ھ.م