عێراق بۆرییەکی نەوتی بەرەو ئوردن دەخاتەوە کار
ماوەی 5 ساڵە لە كار وەستاوە
K24 - ھەولێر
عێراق بۆرییەكی نەوتی دەخاتەوە كار كە لە 2014 ـەوە وەستاوە و ئوردن گەورەترین سوودمەند دەبێت.
بەرپرسێكی باڵا لە كەرتی وزە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا ئاماژەی بەوەداوە "وەك تاقیكردنەوەیەك پرۆسەی دەرھێنانی نەوت لە بۆری نێوان كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك و شاری حەديثە جێبەجێبكرێت، كە بەھۆی شەڕی داعشەوە، ماوەی 5 ساڵە لە كار وەستاوە".
راشیگەیاند "ئامانج لەو تاقیكردنەوەیە دەستنیشانكردنی ئاستی زیان و كێشە تەكنیكییەكانە لە بۆرییەكە، ئەو ھەنگاوەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنێكی نەوتی دەبێت لەنێوان عێراق و ئوردن كە لەماوەی رابردوودا بەستراوە و تێیدا ھاتووە كە بۆرییەك لە بەسرەوە بۆ بەندەری عەقەبە دابمەزرێت بۆ ھەناردەی نەوتی خاوی عێراق بە وزەیەك دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، كاراپێكردنی ئەم بۆرییە نوێیەش دەستكەوتێكی گەورە دەبێت بۆ ئوردن".
ھ.م