کوێت: ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانیمان لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر واژۆ کرد

گرنگی زۆری بۆ وەبەرهێنان هەیە

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسێک لە دەستەی گشتی پیشەسازی کوێت رایگەیاند، چەندین گرێبەست لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر لەگەل کۆمپانیا کوێتییەکان واژۆ کراون.

حەماد زەعبی بەڕێوەبەری کارگێڕی بە بازاڕکردن و هەناردەکرد لە دەستەی گشتی پیشەسازی کوێت بۆ ئاژانسی هەواڵی کوێتی (کۆنا) رایگەیاند، لە سێزدەیەمین پێشانگەی هەمەجۆری بازرگانی چەندین گرێبەست لەگەڵ زۆربەی کۆمپانیا کوێتیە بەشداربووەکان واژۆ کراوە، کار لەسەر ئەوەش دەکەن لە داهاتوودا گرێبەستی دیکە واژۆ بکەن.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، بەشداری کۆمپانیا کوێتییەکان لە پێشانگەکە گرنگی خۆی هەیە لە بواری وەبەرهێنان و دووبارە بنیاتنانەوە.

زەعبی دەشڵێت: "کەشی پێشانگەکە زۆر گرنگ بوو، زۆر بە گەرمییەوە پێشوازییان لێ کراوە. ئەوەش هاندەرێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی لە پێشانگەکانی داهاتووش بەشدار بن و دەرفەتی گەورەتریان بۆ بڕەخسێت."

هاوکات بە گووتەی ئەو بەر پرسە کوێتیە، کۆمپانیا پیشەسازییەکانی کوێت بەهۆی هەرزانی نرخ و کوالێتی بەرهەمەکان، سەرنجی سەردانیکەرانیانی راکێشاوە، ئاماژەی بەوەشدا 15 کۆمپانیای پیشەسازی کوێتی لە سێزدەیەمین پێشانگەی بازرگانی هەمەجۆری نێودەوڵەتی هەولێر بەشدار بوون.

سێزدەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بە بەشداری 300 کۆمپانیا لە 24 وڵاتی جیهانی 30/9 تا 3/10 بەڕێوەچوو.

H.j