نایەکسانی داهاتی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە زیادبوونە
دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکا لە 1989ـەوە 21 ترلیۆن دۆلاریان بەدەست هێناوە
K24 – ههولێر:
بۆشایی نایەکسانی و نەبوونی داد لە دابەشکردنی داهات لە سەرتاسەری جیهان لە فراوان بووندایە، ئەوەش وایکردووە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و هەژارەکانیش هەژارتر بن.
ئاژانسی "People's Policy project"لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوە داوە، تەنیا 1% دانیشتووانی ئەمەریکا لە نزیکەی 30 ساڵی رابردوودا واتە لە 1989 تا 2018 نزیکەی 21 ترلیۆن دۆلار هاتووەتە سەر داهاتەکانیان، لە کاتێکدا 50% لە دانیشتووانی ئەمەریکا 900 ملیار دۆلاریان لە هەمان ماوەدا لە دەستداوە.
لە شیکارییەکەدا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بیستەکانی سەدەی رابردووەوە، بەهۆی خراپی ئاستی نا یەکسانی لە نێوان هاووڵاتییەکانی دەناڵێنێت.
ئاژانسەکە لە شیکارییەکەی پشتی بە داتاکانی بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکا بەستووە، کە تێیدا هاتووە، تەنیا 1% دانیشتووانی ئەمەریکا خاوەنی قەواڵەی 30 ترلیۆن دۆلارین، لە کاتێکدا هەژارەکان جگە لە قەرز خاوەنی چیدیکە نین.
H.J