توێژینەوەیەک: دارەکان زمانی خۆیان هەیە و لەگەڵ یەکدی قسە دەکەن
لە چ دۆخێکدا دارەکان قسە دەکەن؟
K24 – ههولێر:
کاتێک دارەکان لە لایەن مێش و مەگەز هێرشیان دەکرێتە سەر و دەکەونە مەترسییەوە، یەکتر لە مەترسییەکە ئاگادار دەکەنەوە.
کاتێك مەگەز دەست دەکات بە خواردنی گەڵا یان گوڵی دارێک، دارەکە بۆنێکی کیمیایی بۆ بەرگری کردن لە خۆی بڵاودەکاتەوە.
زانایان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، دارەکان ئەو بۆنە تەنها بۆ بەرگری کردن لە خۆیان بەکارناهێنن، بەڵکو لە رێییەوە دارەکانی دیکەش لە مەترسییەکان ئاگادار دەکەنەوە و بە "گریانی دارەکان" ناوی دەبەن.
دارەکان، کاتێک هێرشیان دەکرێتە سەر، بەگوێرەی جۆری بۆماوەبابەتەکەیان (جینۆتایپ) بۆنی جیاواز بەرهەم دەهێنن، بەڵام ئەم بۆنە لە لایەن دارەکانی دیکە دەناسرێتەوە و دەزانن کە درواسێ دارەکەیان لە مەترسیدایە.
ئاندرێ کێسلەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆرنێل لە نیویۆرکی ئەمەریکا بە ماڵپەری دەیلی مەیلی گوتووە: "ئەمە جۆرە زمانێکە دارەکان لەناو خۆیان بەکاری دەهێنن. ئەو زانیاریانەشی ئەو زمانە دەیگوازێتەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی دوو دارەکە چەند لە رووی جۆرییەتی و مەوداوە لەیەک نزیکن".
دەشڵێت: "مەبەست لەم کارە ئەوەیە، دارەکانی دیکە خۆیان بۆ هێرشەکان ئامادە بکەن و بەرگرییان زیاد بکەن".
H.J