دووه‌مین كۆنفرانسی تایگه‌رس بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی زانكۆكانی كوردستان لە سلێمانی بەڕێوەچوو
زانكۆكانی جیهان پاڵپشتی له‌و پڕۆژه‌یه ده‌كه‌ن
K24- سلێمانی.
بەمەبەستی بە نێودەوڵەتیكردنی زانکۆکانی کوردستان، دووەمین کۆنفرانسی تایگه‌رس لە سلێمانی بەڕێوەچوو، نوێنەرانی پێنج زانکۆی جیھانیش پاڵپشتی خۆیان بۆ ھاوکاریکردنیان دەبڕی و به گرنگی دەزانن، زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان پەیوەندییان لەگەڵ زانكۆ پێشكەوتووەكانی وڵاتان ھەبێت.
پسپۆرە ناوخۆ و دەرەکیەکانی خوێندنی باڵا، بەوردی تیشکیان خستە سەر بەرەوپێشچوونی زانکۆ جیھانیەکان، له‌مباره‌شه‌وه بڕیار ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، بەڕێوه‌به‌رى ئۆفیسى په‌یوه‌ندییه ناوخۆیى و جیهانییه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى ده‌ڵێت: بەنێودەوڵەتی بوونی زانکۆکانی کوردستان بڕینی چەند قۆناغێکی پێویستە، یەکێك لەوانە داڕشتنی پلانی 4 ساڵەی زانکۆکانە.
لە کۆنفرانسەکەدا ١٠ زانکۆی ناوخۆ و ٥ زانکۆی دەرەوە بەشداربوون، یەکێك لەو رانكۆیانه زانکۆی گوتنگنی ئەڵمانیا بوو، کە زانکۆیەکی بەناوبانگی جیھانیە، بۆیە وه‌ك دكتۆر ئووڤە موس، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئه‌و زانكۆیه ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، بڕیاریانداوه ھەموو ھاوکاری و پاڵشتتیەکی زانکۆکانی کوردستان بکەن، بۆ ئه‌وه‌ی بەنێودەوڵەتی بكرێن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا پاڵپشتی خۆی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه دەبڕی، هه‌ر بۆیە ڕاسپاردەکان ئاراستەی وەزارەت دەکرێن.
H.B