پسپۆڕان سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا بۆ هه‌ولێر به‌ گرنگ لێكده‌ده‌نه‌وه‌

هه‌ولێر و مۆسكۆ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ن

K24- هه‌ولێر:

دیپلۆماتكاران و پسپۆڕانی ئاسایش و وزه‌ و ئابووری رایدەگەیەنن، سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ هەولێر لە رووی پەیوەندی نێودەوڵەتی و وزەوە بۆ هەردوولا گرنگە.

شاڵاو عەبدولخالق پسپۆری ئاسایش و وزە له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئەم سەردانە جگە لە رووی ئابووری لە رووی سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتيشه‌وه‌ بۆ هەولێر گرنگە و هۆکارێکیش دەبێت بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا، باس لەوەش دەکات، رووسیا لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەولێر زیاتر کردووە.

هاوكات هۆشیار مەعروف، كه‌ پسپۆری ئابوورییه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، كه‌ نابێت تەنها لە روی وزەوه‌ سوود لە رووسیا وەربگرین، به‌ڵكو پێویسته‌ لە روی پیشەسازی و کشتوكاڵ و توانا مرۆیەکانيشه‌وه‌ گرێبەست لەگەڵ رووسیا بکرێت، چه‌نكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئەم گرێبەستانە دەبنە هۆی پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان لە رووی پەیوەندی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە، رۆژ بە رۆژ لە گەشەکردندایە و خۆی بەلای هیچ کام لە جەمسەرە نێودەوڵەتیەکان نەخستوە، بڕیاریشه‌ لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین بەرپرس و وەزیری دیکەی وڵاتان سەردانی هەولێر بکەن، زۆربەی وڵاتانیش پشتگیری خۆیان بۆ کارنامەی کابینەی نۆیەم دەربڕیوە.

H.B