گۆڕان شوێنی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی جڤاتی گشتی پڕده‌كاته‌وه‌

گۆڕان ئاماده‌كاری بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی ده‌كات

K24 - سلێمانی

دوای ھەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنی نوێ، بزووتنەوەی گۆڕان دەستی کردووە بە خۆرێکخستنەوەو ھەنگاوی یەکەمی دانانی رێکخەری ئەو ژوورانەیە کە رێکخەریان نییە، لەگەڵ دروستکردنی چەند لیژنەیەک بۆ ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتمانی‌ و پڕکردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی جڤاتی گشتی کە لە شوێنەکانیان نەماون.

بزووتنەوەی گۆڕان بە گوێرەی دەستوور 11 ژووری ھەیە، ئێستا 7 ژووریان بێ رێکخەرن، شەش لیژنەش بۆ رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە پێکھاتووە، لیژنەکان بریتین لە لیژنەی دەستوور، بەرمانە، میدیا، ژوورەکان، ھەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، دیاریکردنی ئەندامانی کۆنفرانسی نیشتمانی. بە گوێرەی زانیارییەكان سەرۆکی لیژنەکان دیاریکراوە تەنیا ئەندامانی لیژنەکان ماون ئەویش دەبێت لەپێکھاتەی ھەموو شارەکانی کوردستان بن بە بەشداری زۆربەی ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان.

جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە 55 ئەندام زیاتر پێکھاتووە، بەڵام لەماوەی رابردوودا بەھۆکاری جیاواز زیاتر لە 20 ئەندامی شوێنەکانیان بەتاڵ بووە،  رێکارەکانی پڕکردنەوەی ئەو 25 ئەندامەی جڤاتی گشتی دەستی پێکردووە، ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەکەش بە قسەی بەرپرسانی گۆڕان بزووتنەوەکە دەباتە قوناغێکی نوێی کاری ساسییەوە.

ھ.م