له رێكخستنی كاری تاكسی گۆڕانكاریی له ره‌نگی ئۆتۆمبێل ناكرێت
لۆگۆی تایبه‌ت و له‌زگه بۆ تاكسییه‌كان زیاد ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:
ئومێد محه‌مه‌د ساڵح، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له پرۆژه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی كاری تاكسی، ده‌ستكاری ره‌نگی تاكسی ناكرێت.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه به كوردستان 24ی راگه‌یاند، بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاری تاكسی، جیا له لۆگۆكهیهك كه له ده‌رگای شۆفێر ده‌درێت، لهزگهیهكیش له چه‌مه‌لغی تاكسییه‌كان ده‌درێت، كه هه‌ر پارێزگایه‌كیش ره‌نگی تایبه‌ت به خۆی ده‌بێت.
روونیشی كرده‌وه، له‌زگه‌ی هه‌ولێر ره‌نگه‌كه‌ی سوور ده‌بێت، سلێمانی شین و دهۆكیش ره‌ش ده‌بێت، تاكسی نێوان شاره‌كانیش، له‌زگه‌كانیان قاوه‌یی ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش رایگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا هیچ ئۆتۆمبێلێكی تاكسی هه‌ڵگری تابلۆی هه‌ڵه‌بجه نییه، بۆیه پرۆژه‌كه‌یان پارێزگاكه ناگرێته‌وه، به‌ڵام له داهاتوو به هه‌مان شێوه رێكخستنی كاری تاكسی، ئه‌و پارێزگایه‌ش ده‌گرێته‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له پشتی بالیفه‌كانی شوێنی دانیشتنی شۆفێر و سه‌كنی هه‌موو تاكسییه‌ك، ته‌واوی زانیارییه‌كان له‌باره‌ی شۆفێره‌كه ده‌خرێته‌ڕوو.
هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌موو شوفێری تاكسییه‌ك له ئاسایشی گه‌ڕه‌ك و پۆلیس فۆرم پڕ بكاته‌وه و زانیاری تایبه‌ت به شوفێره‌كه له جامی ئۆتۆمبێل و پشت كوشنه‌كان ده‌درێت بۆ پاراستن و سه‌لامه‌تی ژیانی سه‌رنشینان.
ئ. م