حكوومهتی ههرێمی كوردستان 7 رۆژ مۆڵهت دهداته لایهنه سیاسییهكان
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاوهڕێ دهكرێت پهسهندكردن و جێبەجێکردنی یاسای چاكسازی دژایەتی زۆرى بکرێت
K24 - ههولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان 7 رۆژی مۆڵهتی داوهته لایەنە سیاسیيەکان بۆ ئەوەی تیبينی و پێشنیازیان لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی بگەڕێنەوە بۆ حکوومەت و بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو حکوومەت و پەرلەمان بۆ جاری دووەم کۆببنەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاكیش دەڵێت, پرۆژەکە دەبێتە هۆی یەکسانی لە دابەشکردنی داهات و دەرماڵەی فەرمانبەران. لە بارەی خانەنشینانی پلە باڵاکانیش پێشنیازی یاسای خانەنشینی عێراقی کراوە.
یەکەمین کۆبوونەوەی حکوومەت و پەرلەمان بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی ئەنجامدرا و ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووش دووەمین کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.
لە کۆبوونەوەی یەکەم، داوا لە لایەنە سیاسیيەکان کراوە لە ماوەی هەفتەیەکدا تێبینی و پێشنیازیان بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی بگەڕێنەوە بۆ حکوومەت لە دووەمین کۆبوونەوە تاووتوێی تێبینەکانیان دەکرێت.
هەردوولا بۆ میکانزمێك دەگەڕێن بتوانن لە نزیکترین کاتدا و بە کەمترین ماوە پەرلەمانی کوردستان پرۆژەکە پەسەند بکات و لە دوای 90 رۆژ لە تێپەڕاندنی لە پەرلەمان پرۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پرۆژە یاسای چاکسازی چەند تەوەرێك لە خۆ دەگرێت، لەوانە رێکخستنی فەرمانبەران و پێداچوونەوە بە خانەنشینانی و پلە بەرزکردنەوەی یاسای فەرمانبەران و رێکخستنەوەی یەکە ژمێریاریيەکانی هێزەکانی 70 و 80 و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە خانەنشینيیەکان یەکخستنیان لەیەك بەڕێوەبهرایەتی ولهگهڵ رێكخستنهوهی دەرماڵەی فەرمانبەران.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت چاوهڕێ دهكرێت پهسهندكردن و جێبەجێکردنی ياساكه دژایەتی زۆرى بکرێت و دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و باس لەو پێشنیازانەش دەکات كه بۆ خانەنشینانى ئاسايی و پلە باڵاکان پێشنیاز کراوە.
لە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی چاکسازی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گهیاندووە، خواست و ئیرادەمان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زۆر بەهێزە و بە هاوکاری پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی دەدەین. ئامانجی چاکسازییش بەدیهێنانی دادپەروەی و بە دامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانە و پرۆسەی چاکسازیش دەبێ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت. بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای چاکسازی جگە لە داهات یەکسانی لە دابەشکردنی داهات و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران خانەنشینانی پلە باڵاکانیش رێکدەخرێت.
ئ. م