سێ رۆژ پرسە لە عێراق راگەیەندرا

عەبدولمەھدی: كەسوكاری قوربانییانی خۆپیشاندانەكانی عێراق قەرەبوو دەكرێنەوە

K24 - ھەولێر

لە دووەم گوتاریدا بۆ خۆپیشاندەران، سەرۆک وەزیرانی عیراق، سێ رۆژ پرسەی بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەكان راگەیاند و بەڵێنیدا تەواوی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن و بریندارەکانیش لەسەر ئەرکی حکوومەت چارەسەر بکرێن و قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانیش بکرێنەوە.

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووەم گوتاری بۆ خۆپیشاندەران و خەڵک پێشکەشکرد، تیایدا سێ پرسەی بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەكان راگەیاند و بەڵێنیدا تەواوی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن.

عەبدولمەھدی گوتی: "ئەنجامی لێکۆڵینەوەی مەیدانیمان بەدەست گەیشتووە، لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو رووداوانە دەکەین کە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا روویاندا، هەروەها دەست دەکەین بە رێکاری قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانیان ".

گوتیشی: "رێنمایی توندمان بۆ بەکارنەهێنانی گولـلە دەرکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆری قوربانی لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان کەوتەوە ".

هەرچەندە ئاماری دروستی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە لە بەردەستدا نییە، بەڵام وەک زۆربەی سەرچاوە میدیاییەکان باسی دەکەن، تا ئێستا زیاتر لە 165 کەس کوژراون و نزیکەی شەش هەزار کەسیش لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

ھ.م