گەندەڵی ئابووری عێراق دەشێوێنێ

عێراقییەكان داوای كار و خزمەتگوزاری بنەڕەتی دەكەن

K24 - ھەولێر     

عێراق كە بە نەوتەكەی دەوڵەمەندە، كەچی دانیشتوانەكەی لە بێكاری و ھەژاریدا دەناڵێنن، بەجۆرێك چارەكی عێراقییەكان ھەژارن، ئەوان ئەنجامدانی خۆپیشاندان بە تاكە رێگە دادەنێن بۆ بەدەستھێنانی مافەكانیان ئەگەرچی ئەنجامەكەی نەرێنیش بێت. شارەزایانیش ھۆكاری سەرەكی دۆخی خراپی ئابووری عێراق بۆ زۆربوونی گەندەڵی دەگەڕێننەوە و لە ئەنجامیشدا ھاووڵاتی قوربانی یەكەمە و لە چاوەڕوانی ئەوەن كە رۆژێك بێت و داھاتوویەكی روونتریان ھەبێت.

وڵاتێك كە دانیشتووانەكەی مەلەوانی لە نەوتدا دەكەن و لە ھەژاریدا نووقم بوون، پرسیاری ئەوە دروستبووە، ئاخۆ چۆن دەبێت ھاووڵاتیانی عێراق كە بە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاو دادەنرێت لە رێكخراوی ئۆپێك، رووبەڕووی ئەو ھەموو ھەژارییە ببنەوە و لە نێو بێكاریدا نووقم بن؟، قەبارەی زۆری گەندەڵی لە وڵاتەكە بە ھۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە دادەنرێت كە چەندین ساڵە ئابووری عێراقییەكانی كردووەتە ئامانج. ھەر بۆیە لە چوارچێوەی زیاتر بوونی قەیرانی ئابووری و گوزەران، بە ھەزاران عێراقی رژانە سەر شەقامەكان بە مەبەستی داواكردنی مافی رەوای خۆیان كە لە كار، دادپەرەوەی كۆمەڵایەتی و كۆتایی پێھێنانی گەندەڵی پێكدێت، بەڵام لە ئەنجامدا كۆمەڵ كوژی لێكەوتەوە.

داھاتی تاكەكەسی لە عێراق لە ساڵی 2004ـەوە تاوەكو ئێستا بە زیاتر لە یەك ترلیۆن دۆلار دەخەملێندرێت، ئەوە جگە لەوەی كە حكوومەتی عێراق نزیكەی 200 ملیار دۆلاری وەك قەرز و ھاوكاری جیاجیا كە زۆربەیان لەلایەن ئەموریكا و وڵاتانی ئەوروپییەوەیە وەرگرتووە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تێكرای ھەژاری لە شارەكانی عێراق لەماوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە 22%، واتە چارەكی عێراقییەكان ھەژارن. جگە لەوەی كە تێكڕای بێكاری لە نێو سەرجەم چینەكاندا ھەر دێت و لەزیادبوونە و لە رووی گەندەڵییەوە و بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی شەفافەیتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2018، عێراق لە پلەی 168 ـەمیندا دێت، ھەروەھا لیژنەی نەزاھەی عێراق لە ماوەی رابردوودا ئاماژەی بەوەداوە كە زیاتر لە 5 ھەزار گرێبەستی وەھمی ھەن لە پڕۆژەكانی بیناسازی و ژێرخانی بنەرەتی كە بە بەھای 228 ملیار دۆلارە.

لێكۆڵەران باس لەوە دەكەن، ئەو گەندەڵییەی كە لە عێراقدا ھەبووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووە ھۆكار كە 450 ملیار دۆلار لەدەستبدرێت  و ساڵانە پارەیەكی یەكجار زۆر نامێنێت كە لە 2 ملیار دۆلاری كەمتر نییە، ئەوەش بە كارەساتێكی گەورە دادەنرێت و بەرپرسێكی باڵای پێشووتر رایگەیاندووە كە زیاتر لە 40 دۆسیەی گەندەڵی بە بەھای 100 ملیار دۆلاربوونی ھەیە كە رێگەی كردنەوەیان نادرێت.

ھ.م