چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان رادەستی سوپای سووریا كرا
پەیامنێری كوردستان24: سوپای سووریا گەیشتە عەین عیسا
K24 - كۆبان
پەیامنێری كوردستان24، رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا ھێزەكانی سوپای سووریا گەیشتنە عەین عیسا و دەیانەوێت بەرەو كۆبانێ بەڕێبكەون".
گوتیشی: "ھێشتا چەند ئۆتۆمبێلێكی ھێزەكانی ئەمەریكا لەسەر پردی قەرەقۆزاخ ماون، كە دەكەوێتە سەر رێگای عەین عیسا - كۆبانێ".
پەیامنێرمان راشیگەیاند: "سوپای سووریا چووە ناو حەسەكە و دامودەزگاكانی شارەكە رادەستی سوپای سووریا كرا و ئاڵای سووریا لەسەر دامەزراوە و قوتابخانەكانی شارەكە ھەڵكرا".
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرانمان لە رۆژئاوای كوردستان: "سوپای سووریا چووە ناو فڕۆكەخانەی سەربازیی تەبقە".
دوای رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای سووریا چووە ناو تل تمر و ئاڵای وڵاتەكەیان لەسەر بارەگا و باڵەخانەكانی شارۆچكەكە ھەڵكرد.