مایک پێنس ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی ترەمپ لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ و ئەردۆغان ئاشکرا دەکات
داواکاریی سەرکردە کوردەکە لە ترەمپ چی بووە
K24 – ههولێر:
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ناوەڕۆکی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ و ئەردۆغان ئاشکرا دەکات.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، مایک پێنس رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ نیگەرانی زۆری خۆی لەبارەی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەربڕیووە و نیگەرانە لە داگیرکردنی سووریا و کاریگەرییەکانی داگیرکارییەکانی تورکیا لەسەر ناسەقامگییریی ناوچەکە.
راشیگەیاند، سەرۆک لەگەڵ فەرماندەی کورد و هەسەدە، مەزڵوم، قسەی کردووە، مەزڵوم کۆبانێ بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە، تورکیا تاکو ئێستا نەیتوانیووە لەو30 کیلۆمەترەی ناوچەی ئارام کە دانرابوو تێپەڕ بکەن.
بە گووتەی قسەکانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، مەزڵوم کۆبانێ بە تایبەتی تیشکی خستووەتە سەر شاری کۆبانێ و بە سەرۆکی ئەمەریکای گوتووە، ئەوان نیگەرانی زۆریان لە بارەی شاری کۆبانێ هەیە و داوایان کردووە ئەو پرسە لەگەڵ ئەردۆغان باس بکات چونکە کۆبانێ گرنگی زۆری بۆ کوردەکانی سووریا هەیە.
دواتر ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان قسەی کردووە، سەرۆکی ئەمەریکا بە روونی داوای کردووە دەبێت هێرشەکان بوەستێنرێت و ئاگر بەست رابگەینرێت و دووپاتی کردووەتەوە دەبێت دانووستان هەبێت کێشەکان لەو رێگایەوە چارەسەر بکرێن.
مایک پێنس ئاشکراشیکرد، دۆناڵد ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە نابێت هێرشبکاتە سەر کۆبانێ و ئەردۆغانیش بەڵێنی داوە ئەو کارە نەکات.
لەگەڵ ئەوەی مایک پێنس دوپاتی کردەوە کە ئەمەریکا سزای تورکیا دەدات، ئاماژەی بەوەشدا، شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی مایک پێنس، سەردانی تورکیا و ناوچەکە دەکەن تاکو چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.
H.J