مه‌سرور بارزانی: دەکرێ هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەیەکی بازرگانی لە ناوچەکە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەنجوومەنی بزنسی ئەمەریکا - کوردستان دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/10/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی بزنسی ئەمەریکا- کوردستان کرد کە لە نوێنەری ژمارەیەك کۆمپانیای ئەمەریکی پێکهاتبوون.

لە کۆبوونەوه‌کەدا کە بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی هەمەجۆرکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان دەدات، بەتایبەتيش گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدرێت، دەرفەتی ئەوەش هەیە هەرێمی کوردستان ببێتە سەبەتەیەکی خۆراك نەك تەنیا بۆ ناوخۆ و عێراق، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە.

گوتیشی: "هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە بنکەیەکی بازرگانی لە ناوچەکەدا، بۆ ئەم مەبەستەش ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکرێت".