ئه‌مازیغه‌كانی مه‌غریب: هێرشی توركیا بۆ سه‌ر كورد تیرۆریستییه
"داوا له سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ن پارێزگاری له كورد بكات"
K24- هه‌ولێر:
چالاكوانانی پێكهاته‌ی ئه‌مازیغ له وڵاتی مه‌غریبی عه‌ره‌بی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا له دژی كورد شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن و ئه‌و هێرشه به "كرده‌یه‌كی تیرۆریستی" ناوده‌به‌ن.
حه‌مو ئه‌لحه‌سناوی، چالاكوانی ناسراوی ئمازیغی له كۆمێنتێكدا كه هاوپێچی منداڵێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان كردووه كه خه‌ڵتانی خوێن بووه نوویسیویه‌تی: "گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌ردوغان و سوپاكه‌ی كوشتن و تیرۆركردنی منداڵی كورده.. ئازادی بۆ گه‌لی كورد".
هاوكات ئۆسێ موح، رۆژنامه‌نووسی ناوداری ئه‌مازیغی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی توركیا له دژی كورد به "تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی" ناوده‌بات نووسیویه‌تی: "به‌ناوی ئیسلام، ئه‌ردوغانه‌كه‌ی توركیا تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی ده‌رهه‌ق به كورد ئه‌نجام ده‌دات.. تیرۆریست هیچ ئاینێكی نییه".
هه‌روه‌ك له كه‌مپینێكدا ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكوانانی ئه‌مازیغ ئه‌و بێده‌نگیه‌شیان شه‌رمه‌زار كردووه كه به‌رامبه‌ر به‌و هێرشه تێبینی كراوه و كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیاشیان به "تاوانی دڕندانه‌ی ئه‌ردوغان دژ به كورد" وه‌سف كردووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌مازیغه‌كانی دانیشتووی وڵاتی فه‌ره‌نساش هه‌ڵوێستێكی ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر به هێرشی توركیا له دژی كورد نیشاندا و هاوسۆزی خۆیان بۆ كورد ده‌ربڕی و دا‌واشیان له ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد، ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ له دۆخه‌كه‌دا بكات و پارێزگاری له كورد بكات.
ئه‌مازیغ پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی باكوور و رۆژئاوای ئه‌فریقیایه و شوێنی نیشته‌جێبوونیان به دیاریكراوی ده‌كه‌وێته وڵاتی مه‌غریب، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته‌یه به‌شێك له دانیشتوانی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی جه‌زائیر، تونس، لیبیا، موریتانیا، باكووری مالی، باكووری نه‌یجه‌ر و به‌شێكی بچووك له رۆژئاوای میسر پێكده‌هێنن.
H.B
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان + پێگه‌ی "هێسبریس"ـی مه‌غریبی