كۆچەر بیركار: خوێنی بێدەسەڵات بە هەرزان دەڕێژرێ

"خەڵکی ئەم دنیایەش ئەڵێی تەماشای فیلم دەکەن"

K24 - ھەولێر

لەبارەی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و شەھید و بریندار بوونی ھاووڵاتیانی كورد. پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار زانای کورد لە بواری ماتماتیک رایدەگەیەنێت "چەند ساڵە شاری کوردان ئاگرباران ئەکرێ و وڵاتی کوردان خاپوور دەکرێ و منداڵی کوردان هەڵئەقرچێ کەچی خەڵکی ئەم دنیایەش ئەڵێی تەماشای فیلم دەکەن. خوێنی بێدەسەڵات بە هەرزان ئەڕێژرێ".

كۆچەر بیركار، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: "دنیایەکی زۆر سەیرە. چەند ساڵ لەمەوپێش چەند کەسێك لە پاریس کوژران نیوەی دنیا هاوخەمی خۆیان دەربڕی. ماڵێك سووتا تەواو دنیا هاتە جۆش. بەڵام ئەوە چەند ساڵە شاری کوردان ئاگرباران ئەکرێ و وڵاتی کوردان خاپوور ئەکرێ و منداڵی کوردان هەڵئەقرچێ، کەچی خەڵکی ئەم دنیایەش ئەڵێی تەماشای فیلم دەکەن. ئەم دنیا قۆڕە هەروا بووە و هەروایش ئەبێ، خوێنی بێدەسەڵات بە هەرزان ئەڕێژرێ".

دەشڵێت: "لە گشتی ناخۆشتر ئەوەیە کە کوردەکە خۆی ئیسە وەکوو کوورە کڵپەی دێ، بەڵام دوای چەند مانگی تر هەمووی لە بیر ئەچێتەوە و وەک هیچ نەبووبێ ئەڕوا بۆ تورکستان بۆ رابواردن".

ھ.م