"توركیا دەیەوێت دیمۆگرافیای رۆژئاوای كوردستان بگۆڕێت"

ھەسەدە: ئێمە پابەندی رێككەوتنی ناوچەی ئارام بووین

K24 - ھەولێر    

ئەنجوومەنی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) رایدەگەیەنێت، مەبەستی توركیا لە ئۆپەراسیۆنی رۆژھەڵاتی فورات ئەوەیە خەڵكی ناوچەكە ئاوارە بكات و دیمۆگرافیای رۆژئاوای كوردستان بگۆڕێت.

ھەسەدە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ"ئێمە پابەندی رێككەوتنی ناوچەی ئارام بووین، بەڵام توركیا پێشێلی كرد و ئۆپەراسیۆنەكەی دەستپێكرد، بە مەبەستی ئاوارەكردنی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە و جێگریكردنی خەڵكی عەرەب بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا".

ئەنجوومەنی ھێزەكانی سووریای دیموكرات ئاماژە بەوەش دەكات، پێشوازی لە ھەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبی دەكەن كە ئۆپەراسیۆنەكەیان سەركۆنە كردووە.

ھەسەدە دەشڵێت، رێككەوتنیان لەگەڵ ھێزەكانی رووسیا لە سووریا بۆ ھەماھەنگییە لەگەڵ ھێزەكانی حكوومەت بۆ پاراستنی سنووری نێوان سووریا و توركیا وەك ھەنگاوێكی پێویست.