تره‌مپ: رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ توركیا ژیانی كوردی رزگاركرد
سوپاسی كورد و ئه‌ردوغان ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و شاندی ئه‌مه‌ریكی كه له مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، رێككه‌وتنی نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره له‌باره‌ی وه‌ستاندنی شه‌ڕ له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا "رۆژئاوای كوردستان" ئه‌نجامی سه‌رسوڕهێنه‌ری دا به‌ده‌سته‌وه و جه‌ختی كرده‌وه، "رێككه‌وتنه‌كه ژیانی كوردی له سووریا رزگاركرد".
ئه‌م گوتانه‌ی تره‌مپ له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له ویلایه‌تی تێكساس هاتوون و گوتی: "ئه‌وه‌ی روویدا ئه‌نجامێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو... به هه‌موو ئه‌وه گه‌یشتین كه خه‌ونمان پێوه ده‌بینی و ده‌توانین هێزه‌كانمان بگه‌ڕێنینه‌وه نیشتیمان و كۆنترۆڵی داعش‌یش ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا روونیكرده‌وه، "ده‌مه‌وێت سوپاسی هه‌موو لایه‌ك بكه‌م، به‌تایبه‌ت ده‌مه‌وێت سوپاسی كورد بكه‌م و ئه‌وانیش به‌و چاره‌سه‌ره دڵخۆشن، چونكه به راشكاوانه ژیانی ئه‌وان رزگاربوو. هه‌روه‌ها كارێكی زۆر گه‌وره‌مان بۆ هاوبه‌شه‌كانمان كرد".
هه‌روه‌ك تره‌مپ سوپاسی ئهردوغانیشی كرد و گوتی: "ئه‌و هاوڕێی منه، من دڵخۆشم كه هیچ كێشه‌یه‌كمان له نێوان نه‌ما و به راشكاوانه ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێز و باشه و كارێكی راستی ئه‌نجامدا و پشتیوانی ده‌كه‌م".
گوتیشی: هێشتا ئه‌و باوه‌شی كراوه‌یه بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردوغان، كه بڕیاره له 13ی مانگی داهاتوو سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا بكات.
H.B