ئەردۆغان وەڵامی ترەمپ لەبارەی "ئاگربەستەکەی" رۆژئاوای کوردستان دەداتەوە
سەرۆکی تورکیا باس لە ئاگربەستەکە دەکات
K24 – ههولێر:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وەڵامی تویتێکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە رێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی باکوری سووریا دەربڕیوە.
لە دوای راگەیاندنی رێککەوتنی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی تورکیا، ترەمپ لە تویتێکدا نووسیویەتی، هەواڵێکی خۆش لە تورکیاوە. سوپاس رەجەب تەیب ئەردۆغان، ژیانی ملیۆنەها کەس رزگار دەکرێت.
ئەردۆغانیش وەڵامی ئەم تویتەی ترەمپی داوەتەوە و نووسیویەتی: "بەڕێز سەرۆکی ئەمەریکا، ژیانی زۆر کەسی دیکە رزگار دەکرێت کاتێک تیرۆر لەناو دەبرێت کە دوژمنێکی سەرەکی مرۆڤایەتییە. من دڵنیام ئەم هەوڵە هاوبەشە ئاشتی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکەمان دەهێنێت".
ئەگەرچی شەوی رابردوو ئاگربەست لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راگەیندرا، بەڵام ئەمڕۆ سوپای تورکیا، دەستی بە بۆردومانی سەرێ کانی کردەوە.

H.J