"دوای ئاگربەست 13 شەڕڤان و پێنج سڤیل شەھیدبوونە"

ھەسەدە: توركیا لە ھێرشەكانی بەردەوامە

K24 - ھەولێر

ھەسەدە ئاشكرای دەكات، لە ئەنجامی ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر گوندەكانی سەرێكانی دوای رێككەوتنی ئەمەریكا و توركیا، 13 شەڕڤان و 5 ھاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.

كینۆ گابریەل، گوتەبێژی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "ئێمە پابەندی رێككەوتنی ئاگربەستین، بەڵام توركیا لە ھێرشەكانی بەردەوامە و لە ئەنجامی ئەو ھێرشانەشدا 13 شەرڤان و پێنج ھاووڵاتی سڤیل شەھید بوونە".

گوتەبێژی ھەسەدە، داواش لە سەرجەم لایەنەكان دەكات ھەوڵبدەن بۆ وەستاندنی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان.

جەخت دەكاتەوە، مافی وەڵامدانەوەی ھێرشەكانی توركیایان ھەیە لە ئەگەری پابەند نەبوونیان بە ئاگربەست.

لەلایەكی دیكە ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات رایگەیاند، توركیا ئاگربەست پێشێل دەكات و داوای چاودێری نێودەوڵەتیش دەكات.

ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ھەسەدە پابەندی ئەو ئاگربەستە بووە كە بە ناوبژیوانی ئەمەریكا راگەیێندراوە، بەڵام توركیا پابەند نەبووە.

مەسەدە ئاماژە بەوەش دەكات "بە رای گشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێین، ئامانجیان پاراستنی خەڵكی سڤیل و وەستاندنی كۆچبەرییە، لە پێناو پاراستنی یەكیێتی خاكی سووریاش ئاگربەستیان پەسەندكردووە".

راشیگەیاند، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبی دەكات، چاودێری نێودەوڵەتی رەوانەی باكووری سووریا بكەن، بۆ گەرەنتیكردنی پاراستنی ئاگربەست.

یەنس لایەرک، گوتەبێژی نوسینگەی کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، سەرەڕای رازیبوونی تورکیا لەسەر راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

بەگوێرەی ئامارێک کە گوتەبێژەکە رایگەیاندووە، 730 ئاوارەی دیکەی سووری پەڕیوونەتەوە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە چەند رۆژی رابردووشدا، هەزار و 600 کەسی دیکەش گەیشتوون.

ھ.م