وه‌زیری به‌رگری توركیا: بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانمان ئاماده‌ین
"هێزه‌كانمان بۆ پێشڕه‌ویكردن به‌ره‌و هه‌ر شوێنێك ئاماده‌ن"
K24- هه‌ولێر:
خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا دووپاتیكرده‌وه، ئه‌گه‌ڕ رێككه‌وتنی نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره به‌ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌كرێت، توركیا ئاماده‌یه ده‌ست به هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بكاته‌وه.
ئاكار گوتیشی: "هێرشه‌كانمان بۆ ماوه‌ی 5 رۆژ وه‌ستاندووه.. له‌و ماوه‌یه‌دا هێزه كوردییه‌كان ده‌كشێنه‌وه و چه‌كه‌كانیان كۆده‌كرێته‌وه و پێگه‌كانیشیان خاپوور ده‌كرێن".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر ئه‌مه رووی نه‌دا، ده‌ست به هێرشه‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه".
هه‌روه‌ك وه‌زیری به‌رگری توركیا دووپاتیكرده‌وه، هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدایه و ئاماده‌ن بۆ پێشڕه‌ویكردن به‌ره‌و هه‌ر شوێنێك.
هه‌ر ئه‌مڕۆش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه، رۆژی سێشه‌ممه 22ی ئه‌م مانگه ئاینده‌ی باكووری سووریا له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا باس ده‌كه‌م.
ئه‌ردوغان دووپاتیشی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێن، هێرشه‌كانمان له باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه و، ئه‌گه‌ر هێزه كوردییه‌كان له كاتی دیاریكراودا له ناوچه‌كه نه‌كشێنه‌وه، سه‌ری هه‌موویان ده‌په‌ڕێنێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له دوایین راگه‌یه‌ندراویدا جه‌ختی كرده‌وه، سوپای توركیا و گروپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئه‌نقه‌ر ئاگربه‌ستیان پێشێل كردووه و هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوه‌ندی شاری سه‌رێ كانیێ به‌رده‌وامن و رێگه‌ش ناده‌ن برینداره‌كان له‌ناو ئه‌و شاره بهێندرێنه ده‌ره‌وه، له‌كاتێكدا به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، پێویست بوو هێزه‌كانی توركیا و گروپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن رێگه به كشانه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كان له‌و ناوچانه بده‌ن، كه له رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره دیاریكراون.
H.B