سوپای ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین بنكه‌ی له باكووری سووریا به‌جێده‌هێڵێت
كاروانێكی دیكه‌ی به‌ڕێكه‌وت
K24 – هه‌ولێر:
سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه له پاشه‌كشێ كردن له ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و گه‌وره‌ترین بنكه سه‌ربازییه‌كانی خۆی پێچاوه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه له سووریاوه رووبكاته عێراق.
ئاژانسی هه‌واڵده‌ری فه‌ره‌نسی، فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (20ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)، 70 زرێپۆش و بارهه‌ڵگری سه‌ربازی ته‌لته‌مریان به‌ره‌و گونده‌كانی باكووری خۆرئاوای حه‌سه‌كه به‌جێهێشتووه.
له‌و باره‌یه‌وه روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه، كاروانه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی قامیشلۆوه پاشه‌كشێ ده‌كات و ده‌گاته فڕۆكه‌خانه‌ی (صرین)ی هه‌ڵكه‌وتوو له دووری 30 كیلۆمه‌تر له باشووری خۆرئاوای شاری كوبانێی ده‌وروبه‌ری حه‌له‌ب.
ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه ده‌كه‌وێته كه‌ناری ئه‌و ناوچه ئارامه‌ی توركیا بانگه‌شه‌ی درووستكردنی ده‌كات.
فڕۆكه‌خانه‌كه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ئه‌و بنكانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا لێی ده‌كشێته‌وه و چواره‌م ناوچه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكایه كه له دوو هه‌فته‌ی رابردوودا ئه‌مه‌ریكا به‌جێی هێشتبێت.
سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له باكووری پارێزگای ره‌ققه و باكووری خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب كۆده‌كرێنه‌وه و هێشتا له پارێزگای دێرزوور و حه‌سه‌كه سوپای ئه‌مه‌ریكا ماوه و بنكه‌ی ته‌نه‌فیش له باشووری سووریا ماوه‌ته‌وه.