به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ر به‌یاننامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی رایگشتی ده‌كات
ده‌یان ته‌رم له‌ژێر داروپه‌ردووی پاشماوه رووخاوه‌كان ماونه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ر له رۆژئاوای كوردستان به‌یاننامه‌یه‌ك له باره‌ی پێشێلكارییه‌كانی سوپای توركیا و گروپه چه‌كداره هاوپه‌یمانه‌كانی له رۆژئاوای كوردستان له ماوه‌ی 3 رۆژی یه‌كه‌می ئاگربه‌سته‌كه‌دا ئاراسته‌ی رای گشتی ده‌كات.
ده‌قی به‌یاننامه‌كه:
له ماوه‌ی 3 رۆژی ئاگربه‌سته كاتییه‌كه‌ی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و توركیادا به نێوه‌ندگیری ئه‌مه‌ریكا، ئامێری كوشتنی توركیا و گروپه میلیشیاكانی له هێرشه سه‌ربازییه‌كانیان بۆ سه‌ر هێزه‌كانمان نه‌وه‌ستاون و 25 شه‌ڕڤانی ئێمه شه‌هید بوونه و 17ی دیكه‌ش بریندار بوونه، وێڕای ئه‌نجامدانی دڕندانه‌ترین تاوان ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی مه‌ده‌نی سه‌رێ كانی، كه له ریزه‌كانی مه‌ده‌نیش 17 كه‌س ته‌نیا له ماوه‌ی ئه‌و سێ رۆژه‌دا له ئه‌نجامی بۆردومانی هه‌ڕه‌مه‌كی بۆ سه‌ر ئه‌و شاره شه‌هید بوونه، له‌كاتێكدا ئاشكراش بووه، كه به ده‌یان ته‌رم له‌ژێر داروپه‌ردووی پاشماوه رووخاوه‌كان ماونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین حاڵه‌تی دیكه‌ی سووتانی مه‌ترسیدار له‌ناو شاره‌كه، كه به چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌ك فسفۆڕی سپی كراونه‌ته ئامانج.
هه‌روه‌ك توركیای داگیركا‌ر به هێنانی هێزی سه‌ربازی بۆ ناو ئه‌و شاره، به‌رده‌وام خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی كاتیی پێشێل كردووه.
هاوكات له‌و ناوچانه‌ی سوپای توركیا و گروپه میلیشیاكان چوونه‌ته ناوی، تاوانی دژ به خه‌ڵكی سڤیل، رفاندن، هه‌راسانكردن و به‌تاڵان بردنی ماڵ و موڵكی خه‌ڵك له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان بڵاوبووه‌ته‌وه و هه‌مان سیناریۆ‌ی عه‌فرین له‌و ناوچانه‌ش دووباره بووه‌ته‌وه، كه تا ئێستاش به‌رده‌وامن و ئه‌مه‌ریكاش كه هێزی نێوه‌ندگیره و به‌رپرسه له چاودێریكردنی پرۆسه‌ی ئاگربه‌ست، له‌و تاوان و پێشێلكاریانه‌ی توركیا غافڵه.
ئێمه له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ر له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا وه‌ك گه‌ل و وه‌ك ئیداره‌ش، به سه‌رسوڕمانه‌وه له لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڕوانین، كه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه پرۆسه‌ی ئاگربه‌ستی كاتی به سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه ده‌چێت و توركیا پابه‌نده، له‌كاتێكدا ئێمه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كه توركیا و به‌كرێگیراوه‌كانی به هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌بووه و چه‌ندین جار پێشێلكارییه‌كانی دووباره كردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ك دوا لێدوانه‌كه‌ی تره‌مپ كه گوتبووی ئه‌وان كورد له ناوچه‌ی نوێ نیشته‌جێ ده‌كه‌ن، بوار و ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م پاكتاوی نه‌ژادی ده‌كاته‌وه، كه ئامانجی توركیایه، چونكه ئه‌و هاووڵاتییه مه‌ده‌نیانه له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان له سه‌رێ كانیی و گرێ سپی و گونده‌كانیان ئاواره بوونه، پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر زێدی خۆیان و ئه‌مه‌ش به گرێنتی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێت و ده‌بێت ئه‌و ناوچه‌یه له ژێر پاراستنی نێوده‌وڵه‌تیدا بێت، ئه‌گینا توركیا كۆمه‌ڵكوژی ده‌رهه‌ق به گه‌له‌كه‌مان ده‌كات و پێویسته له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسیارێتی ته‌واو له‌مباره‌یه‌وه له ئه‌ستۆ بگرێت.
داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌ین، فشار بخاته سه‌ر لایه‌نی توركی، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌و ناوچانه بكشێنێته‌وه، كه داگیری كردوون، هه‌روه‌ك داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پارێزگاریكردن له خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له سه‌رجه‌م پێشێلكارییه‌كان ره‌وانه بكات، چونكه ئه‌و وڵاته‌ی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه له دژی گه‌له‌كه‌مان به‌كار ده‌هێنێت، ناكرێت سه‌رپه‌رشتی ئه‌و ناوچه‌یه بكات.
هه‌روه‌ك داوای پێكهێنانی هه‌رچی زووی لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به به‌دواداچوون بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ تاوانه‌كانی كوشتن و له سێداره‌دانی مه‌یدانی ده‌رهه‌ق به سڤیله‌كان بكات.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا
عه‌ین عیسا له 20/10/2019